ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی نەخۆشی هەوكردنی جگەرە

ئەمڕۆ 28ی تەموز  بە ڕۆژی جیهانی هەوكردنی جگەر دانراوە.بۆیە 28ی ئەم مانگە دیاری كراوە، چونكە ڕۆژی لەدایكبوونی زانای ئەمەریكی دكتۆر (باری بلومبیرگ) ە كە لە 28ی تەموزی 1925 هاتۆتە دونیاوە  لەبەر ئەوەی ڤایروسی جگەری جۆری (B) دۆزییەوە و هەروەها گەشهی بە دۆزینەوەكەی دا و دواتر ڤاكسینێكی دۆرزییەوە بۆ كوتان دژی توشبوون بەم جۆرەی هەوكردنی جگەر، بەم هۆیەشەوە لە ساڵی 1976 دا خەڵاتی نۆبڵی لە زانستی پزیشكیدا پێبەخشرا.

ئامانج لە دیاری كردنی ئەم ڕۆژە جیهانیە هوشیاركردنەوەی خەڵكییە سەبارەت بە خۆپاراستن لە توشبوون بە ڤایرۆسی جگەر بە هەموو جۆرە جیاوازەكانییەوە.

لەم ڕۆژەدا و لە جیهاندا چەندین ڕێنمایی زانستی بڵاو دەكرێنەوە لە ڕێگەی كۆنفرانس و سێمینارە زانستی و پزیشكییەكانەوە، هەروەها لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە بە مەبەستی هوشیاركردنەوەی زیاتری هاونیشتمانیان دەربارەی ئەم نەخۆشییە و ڕێگەكانی گواستنەوەی، هەروەها چارەسەر وەرگرتن و ڕێگەكانی خۆپاراستن. 

سەرەتا پێویستە بزانین ئەم نەخۆشییە  چییە؟

هەوكردنی جگەر  كە هەندێكجار بە ڤایرۆسی جگەر ناودەبرێت یەكێكە له‌ كێشە تەندروستی یە گەورەكان لە جیهاندا و بە (HBV) ناسراوە و بە نەخۆشی یەكی مەترسیدار دادەنرێت بۆ مرۆڤ و چەندین جۆری هەیە كە بریتین لە جۆرەكانی (A,B,C,D, E ) وە هەندێك سەرچاوە ئاماژە بە (G) یش دەدەن، بەڵام باوترینیان جۆری (B,C) مەترسیدارترینە و ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار كەس بەهۆیانەوە گیان لەدەست دەدەن، لەمساڵیشدا كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، بەڵام هێشتا ڤایرۆسی جگەر ژیانی هەزاران كەسی خستۆتە مەترسییەوە.

ئەم نەخۆشییە بۆیە بە مەترسیدار دادەنرێت، چونكە ئەگەر چارەسەر نەكرێت دەتوانێت ببێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەن یاخود مرۆڤ توشی مەترسی گیان لەدەستدان بكات بەهۆی شیبوونەوەی جگەر یان توشبوونی بە شێرپەنجەی جگەر. 

به‌هۆی داهێنانه‌کانی زانایانی بواری پزیشکییه‌وه‌ لـە ئێستا دا كوتان دژی ئەم جۆرە ڤایرۆسە هەیە و خۆشبەختانە بەهۆی وەرگرتنی (vaccine ) ەوە دەتوانرێت تا ڕێژەی %95 ڕێگە لەم نەخۆشیە بگیرێت, بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی مه‌ترسی توشبوونیان لێده‌کرێت vaccine وه‌ربگرن، به‌ تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ ناوه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌کاندا کار ده‌که‌ن.

 

ئەو رێیانەی  دەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایر‌ۆسی هەوكردنی جگەر لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر:

*گواستنەوەی لە دایكەوە بۆ كۆرپەڵە لەكاتی لەدایكبوون یان لە ماوەی دووگیانیدا.
*پێوەندی نزیك لەگەڵ كەسی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، چونكە ڤایرۆسەكە توانای گواستنەوەی هەیە.
*بەكارهێنانی دووبارەی‌ ئامێرە پزیشكییە پیسبووەكان بەم ڤایرۆسە بەتایبەتی دەرزی.
*سێكسكردن لەگەڵ كەسێكی تووشبوو بەبێ‌ كۆندۆم.

*خواردنه‌وه‌ی‌ مه‌ی‌ .
*خواردنی خۆراكی پیس بوو به‌و ڤایرۆسانه‌ی‌ كه‌ هۆكاری توشبوونن به‌ هه‌وكردنی جگه‌ر.
*توشبوون بوه‌ ئایدز و لاواز بوونی سیستمی به‌رگری له‌ش.
*به‌كارهێنانی موسی ڕیشتاشینی كه‌سانێك كه‌ توشی ئه‌م ڤایرۆسه‌ بووبن.
*به‌كارهێنانی ده‌رزیه‌ك كه‌ به‌ ڤایرۆسی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ پیس بوبێت.

 

نیشانەكانی هەوكردنی جگەر:

 

نیشانەكانی هەوكردنی جگەر هەندێك كات دیاریكراو نیە، بەڵام هەندێك نیشانەی سەرەكی هەیە وەك:

1- تا (بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش).
2- بێ‌ هێزی.
3- كەم بونەوەی توانای خواردن.
4- دڵ تێكەڵهاتن وڕشانەوە.
5- ئازار لە بەشی سەروەی لای راستی سك.
6- ئازاری ئێسك و ماسولكە.
7- رەنگی میز دەگۆرێت بۆ رەنگی تۆخ.
8- ئارەق كردنەوە.

بەشێكی زۆری نەخۆشانی جگەر هیچ نیشانەیەكیان نیە، تەنها بەرێگەی كتوپڕ دەردەكەوێت لە رێگەی شیكاری خوێنەوە بەڵام لە هەندێك نەخۆشدا لەكار كەوتنی جگەر دەبێتە نیشانەی سەرەكی دەركەوتنی نەخۆشی یەكە.

 

 

 


PM:12:59:28/07/2020