کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەیوەندی نێوان پارتی‌و یەکێتی چارەسەر کرد، مووچەی پێنەدرا

بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران سازکرا، مەسرور بارزانی باسی لەکەشی ئەرێنی نێوان پارتی و یەکێتی کرد، بەڵام هیچ بڕیارێکی لە بارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە پێنەدرا.


ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٩ ی تەموز ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.


وەک لە راگەیاندراوی کۆبوونەوەکەوە بڵاوکراوەتەوە" لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی ئەو کەشە ئەرێنی و لەیەکگەیشتنەی کرد کە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی ناوخۆ و بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لەو گفتوگۆ و دیدارانە کرد کە هەنگاوێکی گرنگە، بۆ یەکڕیزی و پشتیوانیکردنی زیاتر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان" .

 
سەرۆک وەزیران رازییە لە کۆبوونەوەی دوو رۆژی پەرلەمان و سوپاسی وەزیرەکان دەکات و دەڵێت " سەرۆکی وەزیران ئاماژەی بە گرنگی ئامادەبوونی وەزیرانی حکومەت لە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی کوردستان دا و بە ناوی ئەنجومەنەوە، سوپاسی کردن بۆ خستنەڕووی زانیاریی و روونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەست بە پرسیاری پەرلەمانتارانی کوردستان. ستایشی ئەو هەماهەنگی و کارکردن بە گیانی یەک تیمی کرد، کە لە نێو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە".


هەروەها لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوایین ئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و ئاماژەی بەوە دا ، کە گفتوگۆ و دانوستان بەردەوامە و حکومەتی ھەرێم دووپاتی پابەندبوون بە ئیلتزامە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە لە بەرامبەر دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی ھەرێم، چەندین پێشنیاریش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئالوگۆڕ کراون و ھیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا، دوای پشووەکانی جەژن بگەینە ڕێکەوتنێکی ھاوسەنگ کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا پارێزراو بێت."


لەبارەی دۆخی دارایی و پێدانی مووچەوە، وەک لەراگەیاندنەکەدا هاتووە" ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی لە پلان و ھەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی و بە تایبەتیش دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەرکی لە پێشینەمانە".

 


PM:06:23:29/07/2020