هاوڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی سنە لەسێدارەدرا

حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد سەرەڕای ئەوەی کە بۆ ٤٥ ڕۆژ دواتر دواخرابوو، بە شێوەیەکی لەناکاو لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە (٣٠ی تەمووزی٢٠٢٠)، سزای لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناوی "ع، ح، ب" تەمەن ٤٢ ساڵ و خێزاندار لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

هاوکات لە هەواڵەکەدا ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: جێبەجێ کردنی سزای لە سێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ مۆڵەت بە بنەماڵەکەی درابوو هەتا بڕی دوو ملیار تمەن پارە ڕادەستی بنەماڵەی کوژراوەکە بکەن و حوکمەکەی جێبەجێ نەکرێت.

هەروەها ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەشکردووە: رۆژی شەممە لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی "س، د، ف" بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابونەوە.

"ع، ح، ب" دوو ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست "قەتڵ" دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو و لەو کاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیرابوو.


AM:08:33:31/07/2020