وەزارەتی کارەبا: کارەبای نیشتیمانی زیاد دەبێت

وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات بەتەواویی توانای خۆیەوە دەستی بەبەرهەمهێنان كرد و بوەش كۆی بەرهەمی كارەبا لە هەرێم گەیشتە سەروی سێ هەزار و 400 میگاوات كارەبا. 

 

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە، بەسەرپەرشتی وەزیری كارەبا وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات بەتەواویی توانای خۆیەوە دەستی بەبەرهەمهێنان كرد، دوای ئەوەی لەلایەن ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتی كارپێكردنی دەكرێت.

 

ئاشكراشیكرد: یەكەی دووەمی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی بەسەركەوتوویی توانراوە بەتەواویی توانای خۆیەوە بەكاربخرێت، بەوەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان گەیشتە 3400 بۆ 3500 مێگاوات، بەم بڕە كارەبایەش توانرا بەتێكڕا 20-21 كاتژمێر كارەبا بدرێت بە هاووڵاتیان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، وەزیری كارەبا وێڕای دەستخۆشی لە ستافی لیژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە داواشی لێكردن بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمی ئیشپێكردنی وێستگەكە و سەرجەم فەرمانبەرانی ئیشكگر لە كۆنتڕۆڵ و وێستگەكان و چاكسازییەكان هەموان پێكەوە پارێزگاری لەم دەستكەوتە بكەن و كارەبای پێویست بدەنە هاونیشتمانیان.

 

ئەم وێستگەیەش جیاوازە لەوێستگەكانی دیكەی كارەبا و بەیەكێك لە پڕۆژە گەورەو ستراتیژییەكان دادەنرێت، كە بۆ یەكەمینجارە لەسەر ئاستی كوردستان بەتەكنەلۆژیایەكی بەرز لە ڕێگەی نەوتی ڕەش و گەرمكردنی ئاوەوە وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و لەڕووی تێچوونەوە سودێكی ئابورییانەی گەورەی هەیە. 

 



AM:09:31:02/08/2020