مەڵبەندی یەکێتی کەرکوک: داوا دەكەین رێگە لەم دەسـتدرێژی و داگیركـــاریە بگرن

مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لەبارەی گرژیی و پێکدادان لە نێوان کوردەکانی حه‌فته‌غار و عەرەبی هاوردە بانگەوازێک ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات و دەڵێت" سەرلەبەری ئەم هەڵسوکەوتە داگیرکارییە رەتدەکەینەوە و بە سەرەتایەکی مەترسیداریشی دەزانین بۆ لێکترازانی نێوان پێکهاتەکان بە تایبەتیش نێوان کورد و عەرەب".  لەو رووەوە  داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەن بەپەلە رێوشوێنە دەستورییەکان بگرنەبەر و رێگە لەم داگیرکارییە بگرن و لایەنگیری نەکەن. 

 

بانگەوازێک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

 

بە داخەوە لە کاتێکدا هاونیشتمانییانی کەرکوک و داقوق و دووزخورماتوو سەرقاڵی بەڕێکردنی بۆنەکانی چەژنی قوربانن، لەم کاتەدا و بەدەر لە رێوشوێنە دەستوری و یاساییەکان بەشێک لە "عەرەبە هاوردەکان" کە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە کەرکوک و دەوربەریان بەجێهێشتوە و پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەب کردن هێنرابونە کەرکوک ناوچەکانی دەوروبەری، ئەمڕۆ جارێکی تر و بە مەبەستی بە عەرەب کردنەوەی ناوچەکانی (حەڤتەغار و مەهاوش و کولیتەپەی سەر بە شارۆچکەی داقوق) بەهێزێکی زۆرە هاتوونەتەوە سنورەکەو دەیانەوێ دووبارە لە سەر زەوی و زاری کوردی رەسەنی دانیشتووی ئەو ناوچانە نیشتجێ بکرێنەوە!
لەم رووەوە داوا لە سەرۆک کۆمار و سەرەک وەزیڕان و وەزیری ناوخۆی عیراقی فیدڕاڵ و، نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکەین کە بە پەلە رێگە لەم دەستدرێژی و داگیرکارییە بگرن و رێگە نەدەن ئاشتی کۆمەڵایەتیی بشێوێنرێ و پەیوەندی لە مێژینەی نێوان پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوک تێکبدرێ. ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرلەبەری ئەم هەڵسوکەوتە داگیرکارییە رەتدەکەینەوە و بە سەرەتایەکی مەترسیداریشی دەزانین بۆ لێکترازانی نێوان پێکهاتەکان بە تایبەتیش نێوان کورد و عەرەب، لەو رووەوە داوا لە هێزە ئەمنییەکانیش دەکەین بە پەلە رێوشوێنە دەستورییەکان بگرنەبەر و رێگە لەم داگیرکارییە بگرن و لایەنگیری نەکەن!

 

لەم سۆنگەیەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین دەست بۆ زەوی و زاری کورد و هەر پێکهاتەیەکی تریش ببرێ و لەو پێناوەدا هەموو رێو شوێنێک دەگرینەبەر و ئامادەی هەموو شێوازێکی خەباتی مەدەنی و سیاسین، هەر ئەمڕۆش لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک و پەرلەمانتارەکان لە سەرخەت بوونە بۆ ئەو مەبەستە و پەیوەنییان بە بەڕێز سەرۆک کۆمار و وەزیری ناوخۆ و داد و فەرماندەی ئۆپەراسیۆن و پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت و لایەنەکانی ترەوە کردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش بەڵێنیان داوە بە دەستور و یاسا چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن و هەر رێوشوێنێک پێویست بوو بگرینەبەر‌ بە مەبەستی کۆتایی هێێنان بەم کێشەیە.

 

مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
3-8-2020



PM:01:17:02/08/2020