ژمارەی قوربانییەکانی تەقینەوەکەی بەیروت بەرزبوەوە بۆ ١٠٠ کوژراو ٤ هەزار بریندار

ئەو دوو تەقینەوەیەی دوێنێ پایتەختی لوبنان، بەیروتی هەژاند ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی لەبەرزبوونەوەدایە، ئەم بەیانییە خاچی سووری لوبنانی رایگەیاند" قوربانییەکان بەرزبوونەتەوە بۆ ١٠٠ حاڵەتی گیان لەدەستدان و ٤ هەزار بریندار".

 
خاچی سووری لوبنانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تا ئێستا بەدەیان تەرمی قوربانی لەژێر داروپەردوو رووخاوی تەقینەوەکاندان.

 
میشال عەون سەرۆکی وڵات بۆ دوو هەفتە بەیروتی پایتەختی خستە حاڵەتی ئامادە باشیەوەو، سێ رۆژیش لەو وڵاتە پرسەی گشتی راگەیەندرا.

 
سەرۆکی وڵات لە پۆستێکدا دەڵێت" لۆژیکی نییە بڕی ٢هەزارو ٧٥٠ تەن نێتراتی ئەلەمنیوم ماوەی ٦ ساڵە بەبێ رێوشوێنی پاراستن لە گەنجینەدا دانرابێت". 


میشال عەون جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەرپرسانی ئەو رووداوە بێ سزا تێناپەڕن.

 
دوێنێ ئێوارە سێ شەممە ٤ ی ئاب دوو تەقینەوەی زۆر گەورەی یەک لەدوای یەک کە هەندێک ناوەند بە " ئەتۆمی " ناوزەدیان دەکرد بەیروتی پایتەختی هەژاند و شوێنی تەقینەوەکە تا ئێستا ئاگری لێهەڵدەسێت، بۆتە کەلاوەیەکی گەورەی دوای جەنگ.

 


AM:09:16:05/08/2020