وێنە..شاجوانی پێشووی لوبنان بەهۆی تەقینەوەکە ٦ کاتژمێر لەژێر نەشتەرگەریدا بووە



ئەکتەری بەناوبانگی لوبنانی، نادین نەجیم بەهۆی تەقینەوەکەی سێ شەممەی بەیروتەوە بریندار دەبێت و نەشتەرگەریەکی بۆ  دەکرێت کە شەش کاتژمێر دەخایەنێت.


نادین نەجیم کە ماڵی نزیک بووە لە شوێنێ تەقینەوەکەوە لەسەرەتادا هەواڵ بڵاوبووەوە کە نادین و هەردوو منداڵەکەی گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، پەیامێک بڵاودەکاتەوەو دەڵێت" خۆم و هەردوو منداڵەکەم لەژیاندا ماون، بەڵام رەوشی تەندروستیی خراپە".


نادین لەو پەیامەدا دەڵێت "سوپاسی خوا دەکەم، کە تەمەنێکی نوێی پێبەخشیم. تەقینەوەکە لێمانەوە نزیک بوو، لەراستیدا قسە وەک دیمەنەکە راستییەکان نیشان نادات، هەرکەسێک بچێتە ماڵەکەم دەبینێت خوێن لە هەموو شوێنێکییەتی و هەموو شتەکانمان شکاون، ناشڵێ ئێمە ئێستا زیندووین".


هەروەها ئەو هونەرمەندە، دەڵێ "هەزار جار سوپاس بۆ خوا کە هێزی ئەوەی پێدام ٢٢ نهۆم بە پێی پەتی بێمە خوارەوە، لەکاتێکدا هەموو گیانم خوێنبوو و خۆم رزگارکرد".


دوای ئەوەی لە باڵەخانەکە هاتووەتە خوارەوە نادین چووەتە نەخۆشخانەیەک، بەڵام بەهۆی زۆریی نەخۆشەکان وەریاننەگرتووە و لە نەخۆشخانەیەکی دیکە چارەسەری پێدراوە، باس لەوەش دەکات "شەش کاتژمێر لەژێر نەشتەرگەریدا بووم، چونکە نیوەی رووخسار و جەستەم خەڵتانی خوێن بوو". 


نادین نەجم، ئەکتەر و نمایشکار کە لە ساڵی ٢٠٠٤ ناسناوی شاجوانی لوبنانی بەدەستهێناوە، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٤ـە و بەوە ناسراوە لە زۆربەی زنجیرە رۆمانسییەکاندا رۆڵی سەرەکی دەبینێت.


PM:08:47:05/08/2020