پارتی بەرێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتیدا دەچێتەوە

لە کاتێکدا پپێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتییش دەڵێت" پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی نێوانیاندا دەکەن و بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ یەکێتی کۆ ببنەوە".

 
کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کاک نێچیرڤان بارزانی پێشتر لەگەل قوباد تاڵەبانی کۆ بووەتەوە و پەیوەندیی ھەیە و پەرلەمانی کوردستانیش کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد، بڕیارە جارێکی دیکە ئێمە و برادەرانی یەکێتی کۆ ببینەوە، چونکە ئێستا پەیوەندییەکانمان باشترن و گرژییەکانی پێشووتر نەماون، ھەرچەندە ڕەوشی تەندروستی ناجێگیرە و کاتی کۆبوونەوەکەی داھاتوو دیار نییە."

 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "پێشتر پارتی و یەکێتی ڕێککەوتنی سیاسییان ھەبووە لەبارەی ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستانەوە لە ھەموو بوارەکاندا؛ لەوانە پەیوەندیمان لەگەل بەغدا چۆن دەبێت، پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان و بەڕێوەبردنی ئیدارەی کوردستان، ئێمە بەو ڕێککەوتنەدا دەچینەوە تا بزانین لە کوێ کەموکووڕیی ھەیە."

 
کاکەمین نەجاڕ ڕوونی کردەوە: "رێککەوتنی دیکەمان لەگەڵ یەکێتی ھەیە لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەویش پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و لەکوێ کێشەی ھەبێت ڕاست دەکرێتەوە. قەیرانی دارایی و پرسە سیاسییەکان و کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەگشتی باس دەکرێن."




PM:11:11:05/08/2020