پەکەکە لە رێگای " سپی میدیاوە " زانیاری زیاتر لەسەر سەردانەکەی وەفدی ئەمەریکا بۆ قەندیل بڵاودەکاتەوە

پارتی کرێکارانی کوردستان ناوی ژمارەیەک لەو شوێنانە بڵاودەکاتەوە کە وەفدی ئەمەریکی رۆژی ٢ی ئاب لە بناری قەندیل سەردانیان کردو، ئامانج لەسەردانەکەش بۆ بینین و هەڵسەنگاندنی ئەو هێرشانە بوو کە فڕۆکەکانی تورکیا کردوویانەتە سەر ئەو ناوچانە.

 

بەرپرسێکی بالآی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دووەم لێدوانی بەرپرسانی ئەو حیزبە بۆ ماڵپەڕی " سپی میدیا " لەسەر پرسی سەردانی وەفدی ئەمەریکا بۆ ناوچەکانی قەندیل، ناوی ژمارەیەک لەو شوێنانەی ئاشکرا کرد کە وەفدی ئەمەریکی رۆژی ٢ی ئاب لەناوچەکانی قەندیل سەردانیان کردبوو.

 

ئەو بەرپرسەی پەکەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە سەردانەکەی ٢ ی ئابی وەفدی ئەمەریکی بۆ قەندیل لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی پەکەکەدا کۆنەبوونەتەوە، بەڵکو تەنها بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەو ناوچانە هاتوون کە کەوتبوونە بەر بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا.

 

لەبارەی ئەو ناوچانەی وەفدە ئەمەریکیەکە لە ٢ی ئابدا سەردانی کردوون، سەرچاوە بەرپرسەکەی پەکەکە ئاشکرای کرد کە وەفدی ئەمەریکا سەردانی : لێوژێ و ئینزێ لەبناری قەندیل و، سۆرەدێ لە ناوچەی پشتئاشان و، سەردانی چەندان شوێنی تر کە بوونەتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا".

 

ئەو بەرپرسەی پەکەکە ئاشکرای کرد کە وەفدە ئەمەریکییە لەگەل خەڵکی شوێنێ بۆردومانەکان کۆبوونەتەوە، هەروەها لەگەڵ شارەوانی قەندیلدا کۆبوونەتەوە کە نزیکی پەکەکەیە، لەسەر هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکەو ئەو زەرەروزیانەی لێی کەوتۆتەوە، پرسیاریان کردووە.

 

ئەو لێدوانەی بەرپرسی پەکەکە بۆ ماڵپەڕی " سپی میدیا " لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆش جارێکی تر کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری کە لایەنگری ئۆردوغان سەرۆکی تورکیا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە" وەفدێكی ئەمریكا بە پاسەوانی 15 فڕۆكەی جەنگی چوونەتە قەندیل‌و لەگەڵ بەرپرسانی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆبوونەتەوە".

 

هەروەها ئەلجەزیرە بڵاویکردۆتەوە " وەفدە ئەمریكییەكە لەسەردانەكەیان بۆ قەندیل لەگەڵ بەرپرسانی پەكەكە كۆبوونەوەیان كردووەو چەند داواكارییەكیان خستووەتە بەردەمیان.  لەنێوایاند اوەفدە ئەمریكییەكە پرۆژەیەكی ئاشتیان خستووەتە بەردەم بەرپرسانی پەكەكە، كە ناوەڕۆكەكەی هاوشێوەی رێككەوتنی ئەمریكاو تاڵیبانە لەئەفغانستان".

 

ماڵپەڕی سپی رۆژی ٣ی ئاب بڵاویکردەوە " ٢ی ئاب وەفدێکی ئەمەریکا سەردانی ناوچەکانی قەندیلیان کردووە،  سەرچاوەیەکی بالآی پەکەکەش بە ماڵپەڕی ( سپی ) راگەیاندبوو" سەردانی ئەو وەفدە بۆ کۆبوونەوە نەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هیچ کۆبوونەوەیەک لەو بارەیەوە لە نێوان پەکەکە و ئەو وەفدە ئەمەریکیە ساز نەکراوە".

 

هەروەها " سپی " بڵاویکردۆبوەوە لە زاری بەرپرسێکی پەکەکەوە کە هاتنی ئەو وەفدە بە مەبەستی بینین و هەڵسەنگاندنی ئامانجی بۆردومانەکانی تورکیا بووە بۆ سەر ناوچەکە و، ئەو زەرەرو زیانە گیانی و مادیانەی بە خەڵکی ناوچەکەی گەیاندووە.



PM:10:23:06/08/2020