فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوچەی شارباژێڕیان بۆردومان كرد

ئەمڕۆ هەینی فڕۆكە جەنگییەکانی تورکیا گوندى قامیشى سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى ماوه‌تیان له‌ ناوچه‌ى شارباژێر بۆردومان كرد. 
 

كامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت ڕایگەیاند" کاتژمێر ١:١٥ خولەک فڕۆكه‌كانى توركیا جارێكى تر سنوورى نێوان گوندى قامیش و درێیان له‌ شارۆچكه‌ى ماوه‌ت بۆردومان كرد و ئه‌و شوێنه‌ى بۆردومان كراوه‌ ده‌كه‌وێته‌ خوار شاخى بالۆسه‌، له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا دووجار له‌سه‌ر یه‌ك ئه‌و ناوه‌یان بۆردومان كردووه‌". 
 

وتیشی" بۆردومانەكە هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتوەتەوە، بەڵام ئاگر لە ناوچەكە كەوتوەتەوە و رووبەرێكی زۆر پوش و پاوەن سوتاوە". 

 

رۆژی ٤ی ئەم مانگەش بەهەمان شێوە فرۆكە جەنگییەكانی توركیا سنوری قەزای ماوەتیان بۆردومانكرد و بەو هۆیەوە زیانێكی زۆر بەر رەز و باخی هاوڵاتیان كەوت.

 

هاوکات لە ٢٦ی حوزەیران فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچەی کونە ماسی گەشتیاریان لە پارێزگای سلێمانی کرد و لە ئەنجامدا پێنج کەسی خێزانێک بە سەختی برینداربوون و گەریلایەکی پارتی ژیانی ئازادیش شەهید بوو.



PM:02:45:07/08/2020