گەنجێکی کورد لە باکووری ئێران لەسێدارە درا

سزای لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ڕەشت، ناوەندی پارێزگای گیلان جێبەجێکرا.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند" بەرەبەیانی دوێنێ پێنج شەممە سزای لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مێهرزاد جەلالوەند" کوڕی ڕەحمەت و تەمەن ٣٣ ساڵە، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ڕەشت (بەندیخانەی لاکان) جێبەجێ کراوە".

 

ئاماژەی بەوەشكردوە" مێهرزاد جەلالوەند پێنج ساڵ پێش ئێستا بە شێوەیەکی نەخوازراو کوڕی دراوسێیەکی خۆیانی کوشتبوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی (کوشتنی ئەنقەست) حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو".

 

هەنگاو باسی لەوەشكردوە: کوڕی دراوسێکەیان دوو چەقۆی لە باوکی مێهرزاد داوە و ئەویش پاڵی پێوەناوە کە سەری بەر زەوی کەوتووە و تووشی خوێبەربوونی مێشک بووە و لە ئاکامدا گیانی لە دەستداوە.



PM:03:54:07/08/2020