چەند دیوێکی نادیاری پرۆژەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی و چەند پرسیارێک لە حوکمەت؟

هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا گرنگ ئەوەیە پرۆژەکان جێبەجێبکرێن ، بەتایبەتی پرۆژەیەکی وەک شەقامی سەد مەتری سلێمانی و شەقامەکانی دی هەولێر، بەڵام لە راستیدا زانیاری زۆر لەبەردەستدان گەواهی ئەوە دەدەن کە ئەم پڕۆژانە بەدەر نین  لە دیوی شاراوەو نادیارو ناڕوون کە ئەگەر مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ ئەو کەموکوڕیانەی نەکرێت، لە ئەنجامدا خەڵک و بەرژەوەندی گشتی و حكومەتیش تیایدا زەرەرمەند دەبن، بە نموونە شەقامی سەد مەتری سلێمانی.

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی " سپی " لە چەند ناوەندێکی شارەزاو ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، گرێبەستی شەقامی سەد مەتری هەڵەو کەموکوڕی زۆری تێدایە کە چەندان پرسیار دەورووژێن و هەموویان پێویستیان بە وەڵامە بەو ئامانجەی پرۆژەکە بەشێوەیەکی تەندروست و یاسایی جێبەجێبکرێت. 


سەرەتای ئەنجامدانی گرێبەستی رێگای سەد مەتری شاری  سلێمانی  دەگەڕێتەوە بۆ نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٣، لەو کاتەدا حکومەتی هەرێم لەگەڵ سێ کۆمپانیای تورکی شارەزای بواری رێگاوبان گرێبەستێکی بەبڕی  ٤٧٠ ملیار دیناری لەگەڵدا واژووکردن. 

 
بەپێی نەخشەی پەسەندکراو، درێژی سەرجەم شەقامی سەد مەتری ١٤٦ كیلۆ مەترە و بە سێ قۆناغ جێ بەجێ دەكرێت و قۆناغی یەكەمیش، ٣٣ كم و لە تاسڵوجەوە دەستپێدەكات بۆ گوندی دەمركان.ئەم بەشەی شەقامەکە کە گرێبەستی بۆکراوە لە حەوت یەکتربڕ پێکدێت، کە چواریان گەورەن و سیانیان بچووکن، هەروەها هەشت پردی پەڕینەوەی لەسەر دروستدەکرێت.


هاوبەشی کۆمپانیا تورکییەکانی  گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت واژوو کردبوو لە نۆڤەمبەری ٢٠١٣ەوە بۆ ماوەیەک دەستی بەکارکردن  کردو، وەک " " ماڵپەڕی سپی " زانیوویەتی بەبەهای نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار کاری کرد. لەو دەمەدا قەیرانی دارایی و کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا دەستیپێکرد، حکومەت چەند جارێک بە کۆمپانیاکەی راگەیاند  توانای مادی نییە پارە تەرخان بکات بۆ پرۆژەکە، ئیتر لەو دەمەوە کێشەی شەقامی سەد مەتری سلێمانی وەک زۆر پرۆژەی تری تەواونەکراوی درێژخایەنی ئەم پارێزگایە دەستپێدەکات.


ماوەیەکی بەرچاو پرۆژەکە فەرامۆش کرا، تا ساڵی پار کە حکومەتی هەرێم کەوتە گفتوگۆ و ناوبژیوانی لەنێوان هاوبەشی کۆمپانیا تورکییەکان و کۆمپانیای ( قەیوان ). لێرەوە ئەگەری کەموکوڕی و پێشێلکاری یاسایی دەستپێدەکات. بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم، گرێبەستی لەم جۆرە، کە ماڵپەڕی " سپی " سەرنجی داوە، نابێت حکومەتی هەرێم ناوبژیوانی بکات و بەشدار بێت گەر بەرەو تەنازولی بەڵێندەری یەکەم بڕوات، بەڵام حکومەتی هەرێم لەرێگای نوێنەریەوە، بەشداری  کردووە، تا هاوبەشی کۆمپانیا تورکیەکان " تەنازول " بکات بۆ کۆمپانیای ( قەیوان ) .

 
لێرەوە پرسیارێک سەرهەڵدەدات، ئایا بەرقەراربوونی پاڵپشتی  یاسایی پرۆسەی وازلێهێنانی بەڵێندەری بنەڕەت و هاتنە پێشەوەی کۆمپانیای قەیوان بە تەنازول بووە ؟ یان لەڕێی  کێبڕکێ لەنێوان کۆمپانیاکاندا بووە ؟ ئایا کۆمپانیای تر بەشداری تێدا کردووە؟

 
کێشەیەکی تری ئەم پرۆژەیە لە کۆمپانیای قەیوانەوە دەستپێدەکات، بەپێی ئەم فۆرمە لەگرێبەست، دەبێت هەر کۆمپانیایەک پرۆژەیەکی لەو شێوەیەی پێ دەسپێردرێت سێ مەرجی تێدابێت، لەرووی یاساییەوە قەوارەیەکی هەبێت، هەروەها سەرمایەی بەردەستی هەبێت، یەکێک لە مەرجە گرنگەکانی تر، دەبێت شارەزایی هەبێت و لەو بوارەدا پێشتر کاری کردبێت . بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی " سپی " قەیوان شارەزایی لەو بوارەدا نییەو کاری پرۆژەی لەو شێوەیەو بەو قەوارەیە ئەنجام نەداوە". 


لەم حاڵەتەدا کۆمپانیای ( قەیوان ) پەنا دەباتە بەر کۆمپانیایەکی تر کە لەو بوارەدا شارەزایی هەبێت. لێرەشدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات، گەرکۆمپانیای قەیوان پرۆژەی هاوشێوەی جێبەجێ نەکردبێت و بەنیازبێت بەڵێندەرێکی بواری رێگاوبان بەکاربێنێت ئایا سیفەتی ئەم کۆمپانیایەی دووەم، شەریکە یان بەڵێندەری لاوەکی؟

 
لێرەوە دەگەینە دیوێکی تری پرسیارەکە، باشە ئەگەر بەسیفەتی بەڵێندەری لاوەکی بێتە کارەکەوە ، ئەوا ناتوانرێت هەموو پرۆژەکەی پێ جێبەجێبکرێت، گەر ناو هەموو کارەکەی بەرەو ڕووکرایەوە ، ئەواحوکمەتی هەرێم بۆ خودی خۆی گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەو بوارەدا نەکرد، لە کاتێکدا ( قەیوان) بەبێ ئەوەی هیچ بکات ، ئەگەر زۆرە کە پرۆژەکە بداتەوە بە کۆمپانیایەکی تر، لەمەشدا بڕێک پارەش  قازانج دەکات، لە ئەنجامدا حکومەت سوودێک دەدات بە ( قەیوان ) بەبێ ئەوەی هیچ بکات! بەڵام گەر قەیوان لەرێ ی هاوبەشیەوە(Joint Venture) لەگەڵ کۆمپانیایەکی شارەزای رێگای بەم شێوەیە هەستن سەرکارەکە بەتەنازول ، ئەوا کارەکە گرفتی یاسایی نابێت .

 
لەکۆی پرۆژەکە کۆمەڵێک پرسیاری تر سەرهەڵدەدات..؟ کە پێویستە حکومەت وەڵامی هەبێت..؟

 
پرسیارەکان:

 
- گوژمەی پرۆژەکە کە کەمکراوەتەوە لە ٤٧٠ ملیاردینارەوە بۆ٤٠٠ ملیار دینار، ئایا کارناکاتە سەر مەبەستی پرۆژەکە ؟

 
_ زەوی پرۆژەکە لەرووی بوونی ئاستەنگی سروشتی و ماددی و یاساییەوە ، چارەسەرکراوە ؟ کە هەر لەسەرەتاوە دەرکەوت چارەسەر نەکراوە، کێشەی ئەو خەڵکانەی زەویان بە رێگاکە دەکەوێت گەواهی ئەو راستیەن.

 
- نرخەکانی ناودەرخستەی پرۆژەکە لەسەرەتادا نرخێک و لە ئێستادا نرخەکان گۆڕدراون؟ ئایا نرخەکان زیادکراون یان کەمکراون؟ بێگومان نرخەکان بەتایبەت قیرو چیمەنتۆ و شیش دابەزیون .


- پرسیارێکی تر ئایا شێوازی سلفە پێدان چۆن دەبێت؟ گەرڕاست بێت قەیوان سلفەی ناوێت تا بەبڕی ١٠٠ سەد ملیاردینار کاردەکات، ئایا ئەمە بەرامبەر هیچ ئیمتیازێک نییە لەدەرەوەی ئەم پرۆژەیە ؟

 
- دوا پرسیاری گرنگیش ئەوەیە کە ئایا جێبەجێکردنی پرۆژەکە بە کواڵیتی گونجاو و لەکاتی دیاریکراودا تەواو دەکرێت.

 
تێبینی:

 

ماڵپەڕی " سپی "، ئەم راپۆرتەو ئەو سەرنجانەی لەسەر پرۆژەکە هەیەتی بەو ئاراستەیە کە لە خزمەتی پرۆژەکەو تەواوکردنیدا بێت.

مانگی رابردووش کاتێک کە لە ١١ی تەموز پرۆژەکە بەردی بناغەی بۆ دانرا، ماڵپەڕی سپی کەوتە کێوماڵی رووی یاسایی و تەکنیکی و داراییەکانی پرۆژەکەو، بەپێویستی نەزانی لەو کاتەدا ئەم راپۆرتە بڵاوبکاتەوەو تێکەڵی ئەو شەپۆلە راپۆرت و هەواڵانە بێت کە لەو دەمەدا لە میدیاکانەوە بڵاوکرانەوە، لە ئێستاشدا کە بڵاوی دەکاتەوە، هیوادارە ببێتە مایەی خولقاندنی گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی لە ناوەرۆکی راپۆرتەکەدا کراون و گەر پێشێلکاری یاسایی و کارگێڕی و دارایی هەبێت ، چارەسەربکرێن و کەمتەرخەمان لێپرسینەوەی کارگێڕی و بگرە یاساییشیان لێبکرێت. دەرەنجام پرۆژەکە لەکەشوهەوایەکی یاساییدا ئەنجام بدرێت .




PM:04:30:08/08/2020