پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت" لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران شوانێک تەقەی لێدەکرێت و بریندار دەبێت".
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاویکردەوە، بریندارێک بەناوی ( ج . ش . ح ) لەدایک بووی ساڵی 1986 پیشەی کاسب، دانیشتووی گوندی ( توەسوران ) سەر بە ناحیەی سەنگەسەر ـ قەزای پشدەر ( قەڵادزێ ) گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ کە شوێنەواری دوو فیشەک بەسەر جەستەیەوە هەیە.
وتیشی" بە وتەی خۆی، لە بناری قەندیل شوان بووە و کاتێک خەوی لێکەوتووە ڕانە مەڕەکەی سنورەکانی ئێرانیان بەزاندووە و دوای ئەوەی خەبەری بۆتەوە ویستویەتی بچێت بیانهێنێتەوە، بەڵام لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەی لێکراوە و بەو هۆیەشەوە بریندار بووە".
پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەشکردوە، دوایی فریاگوزاری سەرەتایی لە نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێری و باری تەندروستی جێگیرە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.