پژاک: ٧ گەریڵاو ٢ وڵاتپارێز شەهید بوون

یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان ( پژاک )، رایگەیاند" لە دوو هێرشی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر ناوچەی شارپاژێر، شەهیدبوونی حەوت گەریلا و دوو گەنجی وڵاتپارێزی باشوری کوردستانی ڕاگەیاندووە"، هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە " لەو هێرشانەدا دەستی سیخوڕی ناوخۆیی هەیە".


ئەمڕۆ فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، لەسەر دوو هێرشی ئاسمانی تورک بۆسەر ناوچەی شارباژێڕ پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.


لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە " لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دەوڵەتی فاشیستی تورک دووجار لەسەر گوندەکانی سەربە شارۆچکەی ماوەتی ناوچەی شارباژێر هێرشی ئاسمانیی لە ڕێگای فڕۆکەی سیخوڕی بێفرۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی پێکهێناوە، هێرشی یەکەم لە ڕۆژی ٤ ی ئەم مانگە لە دەوروبەری گوندی گەڵاڵە لە هەرێمی ئاسۆس ئەنجام دراوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ئاگر بە باخ و باخچەی گوندیان کەوتووە و بەشێک لە زەوی گوندەکە لە ناو ئاگردا سووتاوە، لەم هێرشەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە".


لە بەردەوامیدا لەسەر هێرشی دووەم هاتووە" لە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە، جارێکی دیکە فرۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سنوری شارباژێر نزیک چیای “باڵۆسە”ـیان بوردوومان کرد، لەو هێرشە داگیرکارییەدا یەکینەیەکی هەڤاڵمان کە لە سەر ئەرک بوون، بوونە ئامانجی فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا حەوت هەڤاڵمان لە گەڵ دوو گەنجی وڵاتپارێزی باشوری کوردستان شەهید بوون، کە دواتر ناسنامەی هەڤاڵانی شەهیدمان لە کاتێکی نیزیکدا ڕادەگەیێنین."


لە راگەیاندنەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە لەوناوچانە، تەنها هێزەکانی ئەوان هەیە.


یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان" لەم کۆمەڵکوژییەی چیای باڵۆسە دەستی سیخوڕی هەرێمی هەیە، هەم گەلەکەمان و هەم هێزی بەرپرسیار لە ئەم ناوچانە دەبێت هەڵوێستیان دیار بکەن و ڕێگا بە کەسی سیخوڕ و بەکرێگیراو نەدەن، کە لە قۆناغێکی وەها هەستیار و مێژووییدا خزمەتی داگیرکەری بکەن". 


لە کۆتاییشدا، فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، جەختی کردووەتەوە؛ “وەکوو یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر ئەم هێرشە و هەبوونی سیخوڕان بێ دەنگ نابین و بێ وەڵامیان ناهێڵینەوە”.
 


PM:04:37:10/08/2020