د. هێرش سەید سەلیم: ئەو نرخانەی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاندووە ئەوپەڕی فەشەلی ئیدارەدانی كەرتی گشتییە

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی لەسەر نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەکان هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت" ئەو نرخانەی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاندووە هەڵكردنی ئاڵای سپییە بۆ كەرتی تایبەت و فەشەلی ئیدارەدانی كەرتی گشتییە".

 

د. هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە" ئەو جۆرە لە بازرگانی كردنە بە نەخۆشی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تایبەت هەڵكردنی ئاڵای سپی وەزارەتی تەندروستییە بۆ كەرتی تایبەت و ئەوپەڕی فەشەلی ئیدارەدانی كەرتی گشتییە لە دابین كردن یان كۆنتڕۆڵ كردنی باری تەندروستی و تەشەنەسندنی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و تایبەتیش زۆنی زەرد كە هیچ خزمەتێك بە فراوان كردنی خزمەتگوزاری تایبەت بە كۆرۆنا ناكا جگە لە جیاكاری چینایەتی هاووڵاتیان كەوتنە ژێر پێی خەڵكی نەدار جگە لەوەش ئاڕاستەیەكی خراپە بۆ سارد كردنەوەی كارمەندانی كەرتی گشتی بەو پێیەی ئەوان بێ مووچە خزمەت دەكەن و لەولاوە كارمەندانی كەرتی تایبەت بە پاككراوی لێی دەخۆن".

 

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە" ئەم جۆرە داهێنانە هەر لە قەدوباڵای ئەم جۆرە لە ئیدارەدان ئەوەشێتەوە کە نەتوانێت سادەترین خزمەتگوازی بۆ هاوڵاتیان دابین بکات".

 

هەر لە درێژەی نوسینەکەیدا د. هێرش سەید سەلیم ڕایگەیاندووە" من تا ئێرە ڕوسورم كە ئەوەی لە توانام دابوبێت لەگەڵ هاوكارەكانمان كردومانە بەبێ بەرامبەر و شانازی بە سەرجەم ستافی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و دەوروبەری دەكەم كە لە كارگوزارێكەوە تا بەڕێوەبەری گشتی لەماوەی ڕابردو ئێستاشدا بەردەوامن لە دابینكردنی خزمەتگوزاری خۆڕایی بۆ توشبوانی كۆرۆنا لە سەنتەرەكانمان".

 

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆتایی نوسینەکەیدا هۆشداری داوە و وتویەتی" لێرە بەدواوە ئۆباڵی بەلاڕێدابردنی ئەو خزمەتە لە ئەستۆی ئێمەدا نیە".

 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخەکانی خزمەتگوزاری چارەسەری نەخۆشخانی کۆرۆنای لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان راگەیاند و بە گوێرەی بڕیارەکە ئەوانەی لەژێر چاودێری چڕی هەناسەدان بە ئامێری Ventilator دا دەبن، بۆ هەر شەوێک بڕی ملیۆنێک ٥٠٠ هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت. 



PM:10:21:10/08/2020