حکومەتی عێراق سەرقاڵی گەڵاڵەکردنی هەڵوێستێکی فەرمی توندی ولآتەکەیەتی لەسەر هێرشی ئەمڕۆی تورکیا بۆ سەر ناوچەی سیدەکان و، تێکڕای لەشکركێشی سوپای ئەو ولآتە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە حکومەتی عێراق مکوڕە لەسەر پێشاندانی هەڵوێستێکی توند کە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا رادەگەیەنرێت.
دەربارەی ئەو هەڵوێستە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێی دەرکردنی راگەیەناندنێکن بەناوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە دەورەیەکی ئاسایی خۆیاندا بوون لەناوچەی سیدەکان، بەلآم لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کراونەتە ئامانج دوو ئەفسەری پایە بڵندی پاسەوانی سنوور و چەند پاسەوانێکی تر شەهیدبوون.
راوێژکاران و نوسینەگەکەی کازمی تاوتوێی ئەو بژاردانە دەکەن کە بەکردەوە عێراق بتوانێت بەرامبەر تورکیا بیگرێتە بەر، لەوانە رێگاگرتن لە هێنان و کڕینی کاڵای تورکی یەکێکە لە بژاردەکان.
ئەمرۆ فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچەی سیدەکانیان کردو لە ئەنجامدا دوو فەرماندەی پاسەوانی سنورو چەند سەربازێکی پاسەوانی سنور شەهید بوون، ئەمەش ناڕەزایەتیەکی زۆری لەناو هاولآتیان و دەزگا فەرمییەکانی عێراق و کوردستان دروستکردووە.