وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانێکی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ عێراق هەڵوەشاندەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە درەنگانێکی شەو هەڵوێستی وەزارەتەکەی لەسەر لەشکركێشی رۆژی ١١ی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەی سیدەکان راگەیاندو، سەردانێکی وەزیری بەرگری تورکیا کە بڕیار بوو پێنج شەممە سەردانی عێراق بکات، هەڵوەشاندەوە.

 

لە راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا لەشکركێشی تورکیا رەتدەکاتەوەو مەحکوم دەکات، هەروەها باڵوێزی تورکیا لە بەغدا بانگ دەکەن و نامەیەکی توندی دژی ئەو لەشکرکێشیە پێدەدەن، تا بیگەیەنێتە سەرۆکایەتی وڵاتەکەی.

 

لە راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەدا داوا لە حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان کراوە کە خاکی عێراق نەکەنە جێگای یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوانیان.

 

رۆژی ١١ ی ئاب فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچەی سیدەکانیان کردو لە ئەنجامدا دوو فەرماندەی و چەند پاسەوانێکی سنور کە سەر بەعێراقن گیانیان لەدەستدا.



AM:12:47:12/08/2020