ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٣ی ئابی ٢٠١٩ لە نوسینێکیدا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند" پارتی و یەکێتی رێکەوتنەکەی بەغدایان ھەڵوەشاندەوە، چونکە نایانەوێت حەجمی راستەقینەی ئەو دزیەیان کەشف ببێت بۆ خەڵک و عێراقیش".
د. کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" لە پۆستێکیدا لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم دەڵێت" نیوەی داھاتی خاڵە سنوریەکانی ژێر دەستی پارتی و یەکێتی لە مانگێکدا زۆر زیاترە لەو نزیکەی ٤٠٠ ملیار دینارەی کە بەغدا رازیە بینێرێت".
کازم فاروق ڕاشیگەیاندووە" بۆیە پارتی و یەکێتی رێکەوتنەکەی بەغدایان ھەڵوەشاندەوە، چونکە نایانەوێت حەجمی راستەقینەی ئەو دزیەیان کەشف ببێت بۆ خەڵک و عێراقیش، کە سالانێکە بە ھەردوولایان دەیدزن".
دەشڵێت" ئیتر باکیان نیە خەلک موچەی ھەیە یان نا، گوزەران خراپە یان نا، گەنج بێکارە یان نا، کەسابەت ھەیە یان نا!".
ئەوەشی خستەڕوو: جا ئەم جۆرە عەقڵیەتە کە شەش ملیۆن ھاوڵاتی دەکات بە قوربانی دەسکەوت و دزی شەش کەس، ھەر بۆ رووخاندن باشە.