هونەرمەندێکی خەڵکی کرماشان لە هەولێر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

یەکێک لە هونەرمەندانی ڕەپێری خەڵکی کرماشان کە بە هۆی ئەو گۆرانیانەی کە سەبارەت بە کوردستان دەیخوێنت ناوبانگی دەرکردبوو، و پێشتریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانی دوێنێ پێنجشەممە  "سامان جرجیس"، شاعیر و گۆرانبێژی خەڵکی کرماشان لە شاری هەولێر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە" سامان جرجیس کە نزیکەی ١٨ مانگ پێش ئێستا لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان ناچاربوو وڵاتی خۆی بەجێ بهێڵیت و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بێت، بە هۆی کێشەی خێزانی و لە ڕێگای بەکارهێنانی چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ناوبراو ڕۆژێک دوای ئەوەی لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە خۆی کوشتووە". 

سامان بێهفەر ناسراو بە "سامان جرجیس"، ڕۆژی شەممە ( ٢٦ی ژانویە ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە بارمتە ئازاد و دواتر لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان زێدی خۆی بەجێهێشتبوو.

سامان جەرجیس سەرەڕایی چالاکی لە بواری موسیقای ڕەپ، شێعریشی بە زمانی کوردی کەلهوڕی بۆ هونەرمەندە گۆران بێژەکانی کرماشانی ئامادە کردووە.


AM:09:00:14/08/2020