پەرلەمانتارێک: ڕه‌نگه‌ له‌بری مووچه‌ به‌ڕه‌مزی پاره‌یه‌ك به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكه‌ن لە كوردستان

ڕێزان شێخ دلێر په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عیراق  سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌ڵێت" وای لێدێت نه‌ك ته‌نها چاره‌كه‌ مووچه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ ڕه‌مزی پاره‌یه‌ك به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ بری مووچه". 

 

رێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند" هەم وەڵامەكەی حكومەتی هەرێم و هەم وەڵامەكەی وەزیری دارایی عێراق زۆر لەكاتێكی ناخۆشدا بوو بەتایبەتی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، چونكە هەرێمی كوردستان بارودۆخی داراییەكەی ئەوەندە خراپە چاوەڕوانیەك و تەنها ئومێدێكی هەیە كە ئەم دوو حكومەتە بتوانن وەكو تەنها ڕێگە چارەیەك ڕێككەوتنێك ڕێكبكەون تا خەڵك بتوانێت موچەكەی خۆی وەربگرێت، ئەگەر موچە هەبێت بارودۆخی ئەو خەڵكانەی كە كاسبن و كار دەكەن تۆزێك بەرەو باشتر دەڕوات". 

ناوبراو روونیكردەوە: بەڵام بەداخەوە ئەوە وەڵامەكان بوو كە هەموو بینیمان، دەتوانم ئەوە بڵێم هەم حكومەتی عێراقی هەندێك ڕاستی تێدایە لە بەیاننامەكەی وەزیردا بەبەڵگەوە قسەكان دەكات، هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە ئەو بیانوانەی كە هەیانە بەوەی كە لە پێشتردا ئەو مەلەفاتانەی كە پێشكەشیان كردووە بۆ وەزارەتی دارایی، ئەو مەلەفاتانەیە كە بەڕاستی لەلای حكومەتە بەشێوە ڕەسمیەكەی. 

رێزان شێخ دلێر ئاماژەی بەوەكردووە" بەداخەوە ئێمە دەزانین كە فرۆشتنی نەوت و داهاتی خاڵە سنوریەكان، ئەو هەموو وەبەرهێنانەی كە پێشتر خۆیان كردبوویانە حكومەتی هەرێم لەگەڵ دەرەوە ئەمانە هەمووی بەڕەسمی نەچۆتە ناو كارەكانی حكومەتی هەرێمەوە و نەچۆتە ناو ئەو دۆسیە هونەریانەی كە بردویانەتە بەغداد، بەدڵنیانییەوە ئەوان شارەزایی ئەوەیان هەیە، چونكە خۆیان زۆر شارەزان ئەوە ڕاستیەكە كە لە عێراقدا ئەوەندە گەندەڵی زۆرە لەفەرمانگەكانی حكومەتدا لە هەموو وەزارەتەكاندا هەر وەزیرێك دەڕوات خێرا دۆسیەی گەندەڵی هەیە".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەكردووە: ئەوەندەی ساڵێك لەوێ بوبێت بەشی دە ساڵی گەندەڵی كردووە لەبەرئەوە شارەزان و دەزانن لە هەرێمی كوردستاندا هەموو ئەم گەندەڵیانە بوونی هەیە، خۆیان لە یاریەكە دەزانن لە ئێستادا ئەمە وەڵامی هەرێمی كوردستانە كە دەڵێت ئەو داهاتەی كە هەمانە چەند بێت ئەوەندەی دابەش دەكەین بەسەر هەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئایا ئەمە بەسە؟! هاوڵاتی دەتوانێت بەم داهاتە كەمە بژی؟! ئەی كەسێك كە كرێكارە و پێویستی بەكاركردنە كاتێك موچە دەبێت ئەمە بازاڕ گەشە دەكات و ئیشوكار دەبێت بۆ هاوڵاتی، ئایا ئەمە بەشی ژیان و بژێوی خەڵك دەكات. 

سەبارەت بەچارەنووسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم؟ ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت" وای لێدێت نەك تەنها چارەكە موچە ڕەنگە بە ڕەمزی پارەیەك بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكەن لە هەرێمی كوردستاندا لەبری مووچە،  ئەوەشی كە ناخۆشە لەئێستادا قورسە حكومەتی هەرێمی كوردستان جوابێكی واقیعیشی نیە بۆ موچەخۆرانی، موچەخۆر دەتوانێت هەموو بەرنامەی ژیانی خۆی لەسەر موچەیەكی تایبەت بووە و چەند ساڵ خوێندویەتی و ئیشی كردووە خزمەتی ئەو دامەزراوەیەی خۆی كردووە لە كۆتایدا لەبری ئەوەی ژیانی بەرەو باشتر بڕوات ئایا هەموویان تەحەمولی ئەم ژیانە دەكەن كە بەرەو خراپتر بڕوات؟!".

هەروەها وتویەتی" بێجگە لەوەی كە مووچە نادات هەموو ساڵێك كە لە هەموو وڵاتێك وایە چەندین خەڵك خانەنشین دەبن و چەند خەڵكێكی تر دامەزرێنێت، ئایا لە هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە دامەزراندن دەبێت ئەگەر بەم شێویەبێت، كەواتە لەدوای ئەوكەسانەی خانەنشین دەكرێن ناتوانرێت هیچ كەسێك دابمەزرێنرێت".

رێزان شێخ دلێر بەدووری دەزانێت حكومەتی عێراق بودجە بۆ هەرێم بنێرێت، لەو ڕوەوە دەڵێت" حكومەتی عێراقیش ناتوانێت وەكو پێشتر كە بڕێك بودجە دانرابوو بۆ هەرێمی كوردستان و دواتریش هەبووە كە بڕە بودجەی دانرابوو تەنها بۆ موچەی موچەخۆرانە، بەڵام بەرامبەری هەبووە كە دەبێت داهاتی نەوت بگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەتی فیدڕاڵ لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوریەكان، ئێ حكومەتی هەرێمیش ئەمەی نەكردووە و كە نەشیكات شەقامی عێراقیش ئەمەی لێ قبوڵ ناكات خۆپیشاندەران لێی قبوڵ ناكات خۆیشی وەكو ویژدان قبوڵی ناكات، ئێمەش دەزانین موچەی موچەخۆران لەناو عێراقدا دەبێت هەمووی وەكو یەك ڕەچاو بكرێت، بەڵام نەك شوێنێك و ناوچەیەك كە نەتوانێت ئەو داهاتەی هەیەتی كە پێویست دەكات هەم بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت هەم لە هەرێمی كوردستانیشدا بێت بەڵام دەبێت هەندێكیشی ئەگەر 20% بێت بۆ خۆی سودی لێ ببینێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە" ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەریەك لەم شارانە بەتایبەتی سلێمانی كە باس دەكەن چەندێك داهاتی ناوخۆی هەیە هەمووی دەگەڕێنێتەوە ناو خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شارەكە خۆی سودی لێ نابینێت ئەی كەسێك كە لەبەسڕەیە چۆن قبوڵی دەكات هیچ لەم داهاتانە نەیەتەوە ناو خەزێنەی دەوڵەت لەكاتێكدا پارەی بداتێ و بودجەی بۆ بنێرێت".

دەربارەی ئەو دەنگانەی باس لەلامەركەزییەت دەكەن كە موچەی پارێزگای سلێمانی بخرێتەوە سەر بەغداد؟ ڕێزان شێخ دلێر وتی" نەخێر من بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نیم و ئەوەش ڕاست نییە، هاوڵاتیانی دهۆك و هەولێر و هەڵەبجە ئەمانە هەمووی وەكو یەك پێویستیان بە باری گوزەران و داراییە هیچ حیزبێكی سیاسی ناتوانێت بەتەنها بڕیار بدات لەسەرچارەنوسی كورد مادام حكومەت هەیە، حیزبی سیاسی دەبێت هەمووی پێكەوە بڕیار بدەن كە ئایا موچەكانیان لێرە وەردەگیرێت لەناو ئەم حكومەتە، ئەگەر هاتوو بڕیارێكی وا بدەن و واژوو كۆبكەنەوە داوای ئەوە بكەن واتە تێكچوونی هەرێمی كوردستانە و بەڕای من ئەوە واتە هەڵوەشاندنەوەی ئەم هەرێمە".



AM:11:30:14/08/2020