ڤیدیۆ.. بەبۆنەی یادی دامەزراندنی پەکەکەوە موراد قەرەیڵان پەیامێک بە جلی سەربازیی تایبەتەوە رادەگەیەنێت

فەرماندەی گشتی هێزەکانی پاراستنی گەل، موارد قەرەیڵان بەبۆنەی یادی ٣٦ هەمین ساڵەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە پەیامێک بە جلێکی تایبەتەوە، لەگەڵ تیمێکی تایبەتدا رادەگەیەنێت.

 

لە نوێترین دەرکەوتنیدا کە لە تیڤی " ستێرک "ی نزیک پەکەکە بڵاوکرایەوە، موراد قەرەیڵان فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پشت مێزێکەوە کە نیشانەی پەکەکەی پێوەیە و بە جلێکی تایبەتەوە دانیشتووەو پەیام دەخوێنێتەوە، لە پشتیشیەوە هێزێکی تایبەت بە جلی تایبەت کە دیارە جلی سەربازییەو هاوشێوەی رەنگی گژو گیاو شاخەکانە دەردەکەون.

 

لە پەیامەدا قەرەیڵان وتاری دامەزراندنی ٣٦ ساڵەی پەکەکە دەخوێنێتەوە، ئەو رۆژەی کە یەکەم فیشەک بەڕووی سووپای تورکیادا تەقێنرا، قەرەیڵان لەو پەیامەدا پیرۆزبای لە سەرۆکی دەستگیرکراوی پەکەکە، عەبدولآ ئۆچ ئالان و گەریلا و خەڵکی کوردستان دەکات.

 

بەپێی بۆچوونی چاودێران پۆشینی ئەو جلوبەرگە لەلایەن قەرەیڵان و گەریلاوە لەلایەکەوە بۆ ئەوەیە دوژمن نەیانکاتە ئامانج، لەلایەکی ترەوە بۆ ئەوەیە وێنەیەک بدات کە پەکەکە لەشەڕێکی قورسدایە.

 

موراد قەرەیڵا کە بە "هەڤاڵ جەمال "یش ناسراوە، بەدەستە راستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دادەنرێت. ساڵی 1957 لەئورفە لەدایکبووە. دەرچووی کۆلیژی ئەندازیاری زانکۆی غازی عەنتابە، لە 1979دا پەیوەندی بەپەکەکەوە کردووە. لەساڵانی نێوان 1980 تا 1988 لە لوبنان و رۆژئاوای کوردستان کاری رێکخستنی کردووە. لە 1989ەوە تا 1991 بەمەبەستی بەهێزکردنی رێکخستنەکانی پەکەکە، روویکردووەتە ئەوروپا. لە 1991دا گەڕاوەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و لە 1992شدا ئۆجەلان بەرپرسیارییەتی فەرماندەیی شەڕی بۆتانی پێسپاردووە.

 

قەرەیڵان کە بەواتای رەشمار دێت، لە ساڵی 1998، لەیەکێک لە ئۆپراسیۆنە مەترسیدارەکانی سوپای تورکیادا، کە بە 2000سەربازەوە هێرشیان هێنابووە سەر گەریلا، قەرەیڵان بەسەختی بریندار دەبێت. لە 1999دا جارێکیتر دەچێتەوە ئەوروپاو سێ مانگ بەرپرسیارێتی رێکخستنەکانی لەئەستۆ دەگرێت، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ چیاکانی قەندیل. لە ساڵی 2004 لەسەر پێشنیاری ئۆجەلان بەسەرۆکی کۆنسەی KCK هەڵدەبژێردرێت. ئەم پیاوە پراگماتییە، کە هەندێک پێیانوایە نوێنەرایەتی باڵی نەتەوەیی نێو پەکەکە دەکات.

 

لەدیدی میتی تورکییەوە بەیەکێک لە کەسە هەرە مەترسیدارەکان لەسەر دەزگا ئەمنییەکانی تورکیاو دەوڵەتی تورک دادەنرێت، هەربۆیە هەوڵو کۆششێکی گەورەیان بۆ لەناوبردن و دەستگیرکردنی خستووەتە گەڕ.

 

پەکەکە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ بەسەرۆکایەتی عەبدولآ ئۆچ ئالان دامەزراوە، لەو ماوەیەی ٣٦ ساڵەی تەمەنی چەندجارێکی ئاگربەستی لەگەڵ تورکیا راگەیاندووە، بەڵام دواتر شەڕی دەستیپێکردۆتەوە، پەکەکە لەهەر چوار پارچەکەی کوردستان، پارتی هاوشێوەی خۆی دروستکردووەو بەناوی جیاوازەوە خەبات بۆ ئەو پارچانەی کوردستان دەکات، لە ئەورپاش رێکخستنێکی بەهێزی هەیە کە هیچ لایەنێکی کوردی هاوشێوەی رێکخراوەکەی ئەمان بەهێز نییە. 

 

پارتی کرێکارانی کوردستان لەباکوری کوردستان و باشووری کوردستان لەشەڕێکی قورسی نا بەرامبەردایە لەگەڵ سووپای تورکیاو، لە دوو ساڵێ رابردوودا لە رێگای فڕۆکەوە چەندان کادێری پێشکەوتووی ئەو حیزبە لەباشووری کوردستان شەهیدبوون.

 



PM:12:24:15/08/2020