کازم فاروق: پارتی و یەکێتی لەڕێی یاسایەکی ترسناکەوە خەریکی لە قاڵبدانی ئازادیەکانن

ئەمڕۆ شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٠ لە نوسینێکیدا سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند" پارتی و یەکێتی لەڕێی (یاسایەکی ترسناک)ەوە خەریکی بەعەسکەرکردنی کۆمەڵگە و لەقاڵبدانی ئازادیەکانن". 

د. کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "فەیسبووک" لە نوسینەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەپێی پرۆژە یاساکە (کە ھی یەکێتیە و پارتی بە تەواوی پشتگیری دەکات) ھەر کەسێک لە فەیسبوکەکەی خۆیەوە حەقیقەتێک بڵاو بکاتەوە یان کۆمێنتێک بنوسێت کە لەگەل مەزاجی پارتی و یەکێتیدا یەکنەگرێتەوە و لە بەرژەوەندیەکانی ئەوان بدات، ئەوا بەپێی یاسای تیرۆر دادگایی دەکرێت، کە حوکمەکەی تا لەسێدارەدان دەروات". 

دەشڵێت" باشە بۆخاتری خوا ئەمە چ جیاوازیەکی ھەیە لەگەڵ یاساکانی مەجلیسی قیادەی سەورە، منیش لێرەوە پێیان دەڵێم کە شەقام لێتان ھەستا، ھەرچی یاسای ئاسمان و زەوی ھەیە فریاتان ناکەوێت". 

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕاشیگەیاند" پارتی و یەکێتی ئەم ھەموو میدیایەیان ھەیە، ھەرچی پەیج و ئەکاونتی سێبەرە ھی خۆیانە، ھەر ئەمانەن جوێن بە کەسایەتی و خوشک و دایک و کەسی یەکتر دەدەن، ھەر ئەمامەن جوێن و ھێرش دەکەنە سەر خەڵکی ئاسایی". 

ئەوەشی خستەڕوو: ھاوڵاتی ئاسایی کوا جوێن دەدات و وەکو ئەمانە ھێرش دەکاتە سەر شەرەف و کەسایەتی ھیچ کەسێک، ھەرچی خراپەکاری جەستەیی و کەسایەتی ھەیە ئەم دوو حیزبە و میدیا سێبەرەکانیان دەیکەن، ئیتر یاسا بۆ کێ دەردەکەن. 

وتیشی" جارێ با بچن ئەو ھەموو میدیا و دەزگا و پەیج و ئەکاونتە ساختانە دابخەن کە لەناو دەزگا جاسوسیەکانی خۆیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئیتر پێویست بە یاسا و شت ناکات بۆ خەلکی فەقیر و ھەژار کە بەیاسا وای لێبکرێت نەتوانێت بە کۆمێنتێکیش داوای حەقی خۆی بکات". 

کازم فاروق لە کۆتایی نوسینەکەیدا باسی لەوەشکردووە: لەراستیدا رژێمی پێشووی عێراقیش پێش نزیک بوونەوە لە رووخان و مەرگی خۆی، کۆمەلێک یاسا و بریاری لەمجۆرەی دەرکرد تا دواجار سەری خۆی خوارد.



PM:02:02:15/08/2020