نەوەی نوێ داوا لەلایەنەکانی ئۆپزسیۆن دەکات خۆپیشاندانێکی گەورە سازبکەن

سەرۆکی جولآنەوەی نەوەی نوێ داوا لەلایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات کۆبوونەوەیەکی فراوان سازبکەن بۆ ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر سازدانی خۆپیشاندانێکی گەورە بکەن.

 

لە نامەیەکدا کە ئاراستەی هەر یەک لە یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، حیزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی کراوە تیایدا هاتووە " داوا لەهەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین لەپێناو بەژەوەندیی گشتیی و داواکردنی مافی هاوڵاتییان با بفەرموون دووسبەی ٢٠٢٠/٨/١٧ کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ کۆبوونەوەیەکی گشتیی هەموو ئەم هێز و لایەن و کەسایەتییانە ئەنجامبدەین. بەمەبەستی دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی خۆپیشاندانە گەورە و سەرتاسەرییەکەی چەند رۆژی داهاتوو".

 

هەروەها لەو نامەیەدا هاتووە "داواکارین هەرکام لەو بەوڕێزانەی لەسەرەوە ناویان هاتووە و پێیانوابوو جاری پێشوو ئێمە تاکلایەنانە دەستپێشخەریمان کردووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، ئەوە با ئەمجارە ئەو بەڕێزانە بفەرموون و ئەوان چی پێویستە بیکەن، ئێمەش لەگەڵیاندا دەبین و هەرچی هاوکارییەک پێویست بێت دەیخەینە خزمەتیان. تا سبەی رۆژ کە کاتی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دیاریکرا، هیچ بەڕێزێک گلەیی نەکات و بڵێت ئێمە ئاگەدار نەبووین".

 

سەرۆکی نەوەی نوێ دەڵێت " داوا لە یەکگرتووی ئیسلامیی و کۆمەڵی ئیسلامیی و حیزبی شیوعیی و بزوتنەوەی ئیسلامی دەکەین ئەوان با بفەرموون پێشڕەویی ئەم خۆپیشاندانە بکەن و ئێمەش ھەنگاو بە ھەنگاو لەگەڵیان دەبین. چونکە پێمانوایە ئەم دۆخە قورسەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانی تێدایە پێویستی بەکاری پێکەوەیی و تەبایی هەموو لایەنەکان و خەڵکە نارازییەکان هەیە".

 

نەوەی نوێ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئێستا کاتی ئەوەیە هەموومان بەرژەوەندیی حیزبیی وەلاوەنێین و دەست بخەنە دەستی یەک لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و دەربازکردنی هەرێم لەم دۆخە قورسەی کە هاوڵاتییانی تێدا دەژین.



PM:09:22:15/08/2020