وەزارەتی دەرەوەی عێراق سنورەکانی بە رووی بەرپرس و هاوڵاتیانی تورکیادا داخست

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند" بەهۆی بۆردومانەكانی خاكی وڵات و بەزاندنی سنوور و كوژرانی چەند فەرماندە و سەربازێكی عیراقی بڕیاریدا سەرجەم سنورەکانی بەرووی بەرپرس و هاوڵاتیانی تورکیا دابخات". 

 

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی عێراقی ڕاگەیاندووە" وەک هەڵوێستێک دژی پیشێلکردنی سەروەری عێراق و هێرشکردنە سەر خاکەکەی، بڕیاریانداوە بە داخستنی سنور بە رووی بەرپرس و هاوڵاتیانی تورکیادا".

 

ئەحمەد سەحاف وتیشی" وەزارەتی دەرەوە دووجار باڵیۆزی تورکیای لەبەغدا بانگهێشت کردووە و هەردووجارەکەش یاداشتی ناڕەزایەتی تووندمان ڕادەستکردووە، لەپای ئەو دەستدریژییانەی تورکیا بۆسەر سەروەریی عێراق، داواشمان لە تورکیا کردووە، ئەنجامدەرانی تاوانەکانی سەر خاکی عێراق ئاشکرا بکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات".

 

ئاشکراشیکرد: عێراق بە هەمان شێوە سەروسەودا لەگەڵ تورکیادا دەکات ئەویش بەوەستاندنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هەردولا کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا مۆرکرا، ڕادەگیرێت، کە بەپێی ئەو یاداشتنامەیە کارئاسانی دەکرێت و ڤیزا لە دەروازە سنورییەکان و فرۆکەخانەکاندا دەدران، هەروەهاش بڕیار دراوە تەواوی سەردانی بەرپرسانی تورکیا بۆ عێراق و پێشتر بەرنامەیان بۆ دانرابوو هەڵبوەشێندرێنەوە.

 

لە کۆتایی وتەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیکردووەتەوە: عێراق بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی پشت بە یاسا نێونەتەوەییەکان دەبەستێت، هەوڵە دیپلۆماسییەکان ئەم گرژیانە هێور دەکەنەوە و دیدی هاوبەش لە نێوان بەغدا و ئانکەرەدا دێننە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.



PM:09:32:16/08/2020