ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق داوایەک ئاڕاستەی جەنین بەلاخارست دەکەن

ژمارەیەک پەرلەمانتار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوایەک ئاڕاستەی جەنین بەلاخارست نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغداد دەکەن و دەڵێن" شارێکی گرنگی وەک زاخۆ، کە ناوەندێکی بازرگانی مەزنە، گەنجەکانی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و کاتێکیش دەیانەوێت خۆپیشاندان بکەن بە توندترین شێوە وەڵام ئەدرێنەوە و زیندانی ئەکرێن و بێ هیچ پارێزەرێک ناچار دەکرێن واژوو لەسەر بەڵگەنامەیەک بکەن کە چیتر خۆپیشاندان نەکەن". 

 

بەرێز نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق 
بابەت: پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان

 

بەرێز خاتوو جەنین بەلاخارست، نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغداد، ئێمە وەک ژمارەیەک پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم نامەیەتان ئاراستە دەکەین سەبارەت بە زیادبونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە چەکدارە حزبییەکانەوە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز.

 

بە دیاریکراوی سەرنجتان بۆ خۆپیشاندانەکانی زاخۆ لە ۱۸ و ۱۹ ئاب و رۆژانی دوایی کە تیایدا هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکارهێنانی چەک وبە فیشەک روبەروی گەنجانی خۆپیشاندەرانی شاری زاخۆ بونەوە و زیاتر لە ۱٠ کەس بە سەختی بە فیشەک بریندارکراون. 

 

ئێوە ئاگادارن کە هەرێمی کورستان بە دۆخێکی ئابوری سەخت دا تێدەپەرێ و بێ کارییەکی زۆر رووی لە هاوڵاتیانی هەرێم کردووە بەجۆرێک شارێکی گرنگی وەک زاخۆ، کە ناوەندێکی بازرگانی مەزنە، گەنجەکانی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و کاتێکیش دەیانەوێت خۆپیشاندان بکەن بە توندترین شێوە وەڵام ئەدرێنەوە و زیندانی ئەکرێن و بێ هیچ پارێزەرێک ناچار دەکرێن واژوو لەسەر بەڵگەنامەیەک بکەن کە چیتر خۆپیشاندان نەکەن.

 

ئێمە داواتان لێدەکەین، بە حوکمی رۆڵتان لە عێراق لە پرۆسەی سیاسی و نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن لە عێراق، لە ئاست ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و فشاربخەنەسەر بەرپرسانی هەرێم کە دوربکەونەوە لە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران کە بۆ داواکردنی مافەکانیان و دژ بە گەندەڵی رژاونەتە سەرشەقامەکان. 

 

لە گەڵ رێزمان، 

 

1. ئەحمەد حاجی رەشید
2. سەرکەوت شەمسەدین
3. د.رێبوار کریم محمود
4. غالب محمد عەلی
5. رابون مەعروف
6. د. موسەنا ئەمین



PM:04:50:22/08/2020