پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، عەبدوڵای مەلا نوری کە خەڵکی کەلارە، لەبارەی سووتانی قائیمقامیەت و بارگرژی خۆپیشاندانەکانەوە دەڵێت " خودی دەسەڵات پلانیان بۆ دروستکردنی گرژیەکان داناوە".
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵاێتی فەیسبووک، عەبدوڵای مەلا نوری نووسیوویەتی " دوێنێ پارتی بە فەرمی لە سەر خۆپیشاندانەکان گللەیی خۆی گەیاندوتە یەکێتی و داوایان کردووە لەم سنورەشدا کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنرێ و بە دەردی هەولێرو دهۆک ببرێ".
هەروەها دەشڵێت " ئەمرۆ دەزگا ئەمنی و حیزبیەکانی دەسەڵات لە گەرمیان، بە چەند چالاکێکی خۆپیشاندانەکانیان وتووە، کە لە کەلار گرژی دروست دەبێت.واتە خودی دەسەڵات پلانیان بۆ دروستکردنی گرژیەکان داناوە".
عەبدوڵای مەلا نوری پێیوایە " چ لێدان لە خەڵک و چ هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەی قەڵاو هەر دەزگایەکی تری خزمەتگوزاری لە گەرمیان و لە هەر شوێنێکی تریش دور و نزیک پەیوەندی بە ئەخلاقی بەرزی خۆپیشاندەران و خواستەکانیانەوە نیە.بەڵکو پلانی مافیاکانی دەسەڵاتە بۆ گومان دروستکردن لە سەر خۆپیشاندانەکان و ناشرینکردنی".
دوێنێ زنجیرەی رووداوەکان کەلار کە وەک رادیۆی دەنگ کە رادیۆیەکی ناوچەکەیە هەنگاو بەهەنگاوی ئاماژەی بۆ کردووە، بەم شێوەیە باسی دەکات:
* روداوەکانی دوای کاتژمێر ٥:
- دەستپێکردنی گردبونەوەی ناڕەزایەتی ھاوڵاتیان دژ بە حکومەت لە بەردەم باخچەی قوتابخانەی لەیلا قاسم لە کەلار.
* روداوەکانی دوای کاتژمێر ٦؛
- خۆپیشاندەرانی کەلار بە رێپێوان دەگەنە فلکەی ناوبازاڕ.
- خۆپیشاندەران لە فلکەی ناوبازارەوە بە ئاراستەی باکور و بۆ لای بینای قایمقامیەت دەڕۆن.
- کاتێک خۆپیشاندەران دەگەنە نزیک بینای مارکێتی گلارا ھێزە ئەمنیەکان تەقە دەکەن بە سەریاندا.
- خۆپیشاندەران بە بەرد ھێرش دەکەنە سەر ھێزە ئەمنیەکان و ئەوانیش تەقەیان بەسەردا دەکەن بۆ بڵاوەپێکردنیان.
- خۆپیشاندەران لەبەردەم بینای ئاسایشی کەلار گردبونەتەوە و تەقەکردن راگیرا.
- لە بەردەم ئاسایشی کەلار، خۆپیشاندەران داوای ئازادکردنی خۆپیشاندەرێک دەکەن کە دەستگیر کراوە
- بەڕێوبەری ئاسایشی کەلار دەچێتە ناو خۆپیشاندەران و قسەیان لەگەڵ دەکات.
- خۆپیشاندەران لەبەردەم ئاسایشی کەلار دەمێننەوە و ھوتاف دەڵێنەوە.
- ئاسایش خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکە ئازاد دەکات.
- خۆپیشاندەران دەبنە دو بەشەوە، بەشێکیان لەبەردەم بینای ئاسایش دەمێننەوە وبەشەکەی تریان دەچنە بەردەم قایمقامیەتی کەلار.
- بەشێک لە خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشمەوە لە بەردەم قایمقامیەتی کەلارن و بەشێکی تریان ھێشتا لە بەردەم ئاسایشی کەلارن و وتوێژدەکەن لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایش.
- خۆپیشاندەران بەرد دەگرنە بینای قایمقامیەتی کەلار.
- خۆپیشاندەران چونە ناو بینای قایمقامیەتی کەلار.
- خۆپیشاندەران ئاگر لە بینای قایمقامیەتی کەلار دەکەنەوە.
- سوتانی پرسگەی دەروازەی روکار «واجھەی» بینای قایمقامیەتی کەلار.
- خۆپیشاندەران دەرگای سەرەکی بینای قایمقامیەتی کەلاریان شکاندوە و دەیانەوێت بچنە ناو بیناکەوە و ھێزە ئەمنیەکانیش تەقە دەکەن بۆبڵاوەپێکردنیان.
- خۆپیشاندەران لە دو دەروازەوە دەچنە ناو بینای قایمقامیەتی کەلارەوە.
- ھێزە ئەمنیەکان بەردەوامن لە تەقە کردن بەسەر خۆپیشاندەران دا بۆ بڵاوەپێکردنیان.
- ژمارەیەک ھاوڵاتی قسە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکەن و داوا دەکەن خۆپیشاندەران زیان بە بیناکە نەگەیەنن.
- ئۆتۆمبیلێکی ئەمبوڵانس لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ھێرشی دەکرێتەسەر و جامەکانی دەشکێنرێت.
* روداوەکانی دوای کاتژمێر ٧؛
- خۆپیشاندەران لە ٣ لای بینای قایمقامیەتی کەلار ئاگریان کردوەتەوە و دەیانەوێت بچنە ناو بیناکەوە.
- ئۆتۆمبیلێک لەناو بینای قایمقامیەتی کەلار دەسوتێنرێت.
- تەقە دەکرێت بۆ دەرکردنی خۆپیشاندەران لە بینای قایمقامیەتی کەلار.
- بە ھۆی تەقەوە خۆپیشاندەران لە ناو حەوشەی بینای قایمقامیەت ناوەناو دەکشێنەوە و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ ناو بیناکە.
- ھێزە ئەمنیەکان خۆپیشاندەرانیان لە ناو بینای قایمقامیەت دورخستەوە.
- خۆپیشاندەران لە ناو بینای قایمقامیەتی کەلار پاشەکشەیان کردوە و لەسەر شەقامە سەرەکیەکە بەرد دادەنێن.
- خۆپیشاندەران سنوری قایمقامیەت جێدێڵن و بە ناو کۆڵانەکان دا بڵاوەی لێدەکەن.
- ژمارەی خۆپیشاندەران لە شوێنەکانی نزیک بینای قایمقامیەت کەمبوەتەوە و خۆپیشاندانەکە لەو شوێنە کۆتایی پێدێت.
- ئۆتۆمبیلی ئاگرکوژێنەوە دەگاتە ناو بینای قایمقامیەتی کەلار و ئاگرەکانی ناو بیناکە دەکوژێنێتەوە.
- ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە بەردەم نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار کۆبونەتەوە و بەردیان گرتوەتە نەخۆشخانەکە
- شوشەی دەرگای سەرەکی نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار لە ئەنجامی بەردھاویشتنی خۆپیشاندەران شکێنرا.
- لە خۆپیشاندانەکەدا کوژراو نەبو، ٩ کەس برینداربون بە بەرد، کە زۆرینەیان کارمەندی ھێزە ئەمنیەکانن.