لە هەولێر سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی پیاوێک دەستگیرکران

دوای ئەوەی پۆلیسی هەولێر لە ڕووداوێکی کوشتن ئاگادار کرانەوە، تیمەکانی بەشی پۆلیسی عەنکاوە سێ تۆمەتباریان گرت.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد: دوای ئاگاداركردنەوەی بەشی پۆلیسی عەنكاوە بە بوونی ڕووداوێكی كوشتن لە گوندی (سورخان)، تیمێكی لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی توڕەق پێك هێندرا و گەیشتنە شوێنی ڕووداو، دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی ڕووداوەكە، دەركەوت هاوڵاتییەك بە ناوی (عەزیز حەسەن عوسمان) لەلایەن سێ تۆمەتبارەوە بە ئۆتۆمبێل خۆیان پی كێشاوە و تەقەیان لێكردووە و لە ئاكامدا گیانی لە دەستداوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە، پۆلیس توانی بە ماوەی كەمتر لە دوو كاتژمێر تۆمەتباران بە ناوەكانی (س.م.ع- س.س.م.- م.س.م.) دەستگیر بكەن، هەر سێ تۆمەتبارەكە دوای دەستگیركردنیان دانیان نا بە تاوانەكەیاندا كەوا لەسەر كێشەی زەوی بووەتە دەمەقاڵەیان و لە ئاكامدا تەقە لە نێوانیاندا ڕوویداوە و بەو هۆیەوە گوللـەیەك بەر ناوبراوی سەرەوە كەوتووە و لە شوێنی ڕووداو گیانی لەدەستداوە، هەروەها تۆمەتبار (س.س.م)ـیش زامدار بووە.

پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستۆتەڕوو: کە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ هەر سێ تۆمەتبارەكە ڕێكخراو دادوەر بڕیاریدا بە بەندكردنی هەرسێكیان بەپێی ماددە (٤٠٦) لە یاسای سزادان.

 


PM:04:48:23/08/2020