بارزانی مەلا خالید کۆچی دوایی کرد

کادیر و پێشمەرگەی کۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بارزانی مەلا خالید ئەمڕۆ سێ شەممە کۆچی دوایی کرد.

 
بارزانی مەلا خالید کە میدیاکارێکی ناسراوی پارتی بووە، ئەمڕۆ سێ شەممە لە نەقەرەی پایتەختی تورکیا کۆچی دوایی کرد.


بەرزان مەلا خالید لە ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی موتکەی سەر بە شارۆچکەی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر، لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٦٦ ببوو بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول.


مەلا خالیدی باوکی، مەلایەکی نیشتمانپەروەر و نزیک بە مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری شۆڕشی ئەیلوول بووە و بەهۆی خۆشەویستییەکەی بۆ بارزانی، ناوی کوڕەکەی خۆی کردووەتە بەرزان.


بەرزان خوێندنی سەرەتایی لە گوندی مورتکە و ناوەندیی لە هەولێر تەواو کردوە و لە کۆتایی خوێندنی دواناوەندیی دا بووە، کە لە بەهاری ساڵی ١٩٦٦دا چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی پارتی یەوە. لە پاییزی ساڵی ١٩٦٨، بەرزانی مەلا خالید گواستراوەتەوە بۆ رادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق، تارێککەوتنی ١١ی ئازار لە ڕادیۆ کاری بێژەری کردووە و خوێندنەوەی هەواڵ و رووداوەکانی رادیۆشی لە ئەستۆ بووە. دوای شکستی شۆڕش رۆژی ٢٠/١٠/١٩٧٥ ئێرانی بەجێهێشتوە و گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و لەوێوە گواستویانەتەوە بۆ پارێزگای ئەنبار و لە فەلوجە نیشتەجێیان کردووە.


لە بەهاری ساڵی ١٩٧٩ لە فەلوجەوە گەڕاوەتەوە بۆ ڕیزەکانی شۆڕش و لە حیزبی سۆسیالیستی کوردستاندا کراوە بە بەرپرسی ڕاگەیاندن. ساڵی ١٩٨٢ سەرلەنوێ سەنگەری خۆی گواستۆتەوە بۆ ڕیزەکانی پارتی و کراوە بە ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی پارتی و بەرپرسی بەشی کوردی "سۆرانی" ڕادیۆ دەنگی کوردستان. لە هەڵبژاردنی ١٩/٥/١٩٩٢ی پەرلەمانی کوردستاندا، ناوبراو بە نوێنەری خەڵکی هەولێر بۆ ئەندامێتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ٨/٥/١٩٩٣ پۆستی بریکاری وەزاڕەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانی دراوەتێ. 


بەرزان مەلا خالید، بەھۆی نەخۆشییەوە چەند ساڵێك بوو لە چالاكی و كاری رێكخراوەیی دوور كەوتبووەوە. رۆژی 16ی ئەم مانگە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی پارتی، مەسعود بارزانی بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا.

 


AM:09:37:25/08/2020