پۆلیسی سلێمانی: پێنج كەس بەتۆمەتی كوشتنی سێ كەس دەستگیرکران

له‌سه‌ر دۆسیه‌ی‌ گیانله‌ده‌ستدانی‌ سێ‌ كه‌س، مه‌فره‌زه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن پێنج تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركرد . 

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، ڕۆژی‌ 16/7/2020، كەسێك بەناوی‌ (م ، ع ، أ) تەمەن 19 ساڵ، لەقەزای‌ پێنجوێن كوژرا، دەستبەجێ‌ هێزەكانی‌ پۆلیس و تیمی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ بەڵگەی‌ تاوان گەیشتنە شوێنی‌ ڕووداوەكەو لێكۆڵینەوەكان دەستیپێكرد و بەبڕیاری‌ دادوەر تۆمەتبار (س ،ع ،ع)ی‌ تەمەن 19 ساڵ دەستگیركراو لەكاتی‌ گرتنیشیدا دەستگیرا بەسەر چەكێكی‌ جۆری‌ كڵاشینكۆفدا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسی سلێمانی ئاشكراشیكرد: لەسەر ڕووداوەكە لێكۆڵینەوەكانی‌ پۆلیس بەردەوام بوو، ڕۆژی‌ 24/8/2020 سێ تۆمەتباری‌ تر بەناوەكانی‌ (خ، م، ع) تەمەن 29 ساڵ و (ب ، م،ح) تەمەن 26 ساڵ و (س ،ع،ع) تەمەن 24 ساڵ كە سەرجەمیان دانیشتووی‌ قەزای‌ پێنجوێنن، بەبڕیاری‌ دادوەر دەستگیركران.

ڕوونیشیكردەوە: لەئێستادا تۆمەتباران بەپێی‌ ماددەی‌ 405 لەیاسای‌ سزادانی‌ عیراقی‌ ڕاگیراون.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕاشیگەیاند" لەسەر دۆسیەی‌ گیانلەدەستدانی‌ 2 كەسی‌ تر مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ پێنجوێن تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد".

 

پۆلیسی سلێمانی له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌: كاتژمێر 4:00ی سه‌رله‌به‌یانی دوێنێ دوشه‌ممه‌ له‌سه‌ر ڕێگای‌ گه‌رمك – پێنجوێن ڕوداوێكی‌ هاتوچۆ ڕویدا و ئۆتۆمبێلێك خۆی‌ كێشا به‌ ماتۆڕسكیلێكدا و بوه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی‌ شۆفێری‌ ماتۆڕسكیله‌كه‌و سه‌رنشینێك له‌گه‌ڵیدا و تۆمه‌تبار هه‌ڵات، پۆلیس لێكۆڵیه‌وه‌كانی‌ ده‌ستپێكردو توانرا له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا كه‌ تۆمه‌تبار خۆی‌ حه‌شاردابو، بدۆزرێته‌وه‌و ده‌ستگیربكرێت و ده‌ستیش بگیرێت به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: لەئێستادا تۆمەتبار (د ،ج ،ع) تەمەن 20ساڵ، دانیشتووی‌ قەزای‌ پێنجوێن بەبڕیاری‌ دادوەر ڕاگیراوە.



PM:01:24:25/08/2020