بەڕێوەبەرایەتی ئێن ئاڕتی:
لەسەر دادگاییكردنی كەناڵەكەمان هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی رەسمیمان پێنەگەیشتووە

بەڕێوەبەرایەتی كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە" هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی رەسمیان لە هیچ دامەزراوەیەكی رەسمییەوە لەوبارەیەوە پێنگەیشتوەو نایشزانن سكاڵاكار كێیەو كەیسەكە چییە". 

 

دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی:

دواى زنجیرەیەک فشارى بەرنامە بۆ داڕێژراو، وەک داخستنى ئۆفیسەکانى کەناڵەکەمان لە هەردوو پارێزگاى دهۆک و هەولێر و دەستگیرکردنى پەیامنێرانمان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانى ناوچەى بادینان و هەڕەشەى دەستگیرکردن لە پەیامنێرانى هەولێر کە لەحاڵەتى کارکردنیاندا دەستگیردەکرێن، لە لێدوانێکى جێگەى سەرسوڕماندا (دیندار زێبارى) بەرپرسیى لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە، کە گوایە ٩ی مانگى ئەیلول کەناڵى ئێن ئاڕ تی لەسەر چەند پرسێک کە ئەو بە پێشێلکارى ناویبردوون دادگایى دەکرێت.

بە ڕاى گشتیى ناوخۆیى و دەرەکى رادەگەیەنین، کەناڵەکەمان تا ئێستا بێ ئاگایە لەو دادگاییکردنە و هیچ ئاگادارکردنەوەیەکى فەڕمیمان لە هیچ دامەزراوەیەکى فەڕمیەوە پێنەگەیشتووە و نازانین سکاڵاکار کێیە و کەیسەکە چییە؟

ئێمەش وەک خەڵکى کوردستان بابەتى دادگاییکردنى ئێن ئاڕ تیمان تەنیا لە میدیاکان و لەسەر زارى (دیندار زێبارى)یەوە بیستووە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو ئاگادارکردنەوەیە لەڕێگەى دادگا و بە ڕێوشوێنى ئسوڵى و یاسایى بگەیشتایەتە بەشى یاسایى کەناڵەکەمان.

 

بەڕێوەبەرایەتى کەناڵى ئاسمانیى ئێن ئاڕ تی



PM:06:53:27/08/2020