دەستپاکی عێراق: ئیدارەی کەرکوک ٥٨ ملیار دیناری لە دروستکردنی قوتابخانە بەهەدەر داوە

ئەمڕۆ شەممە ڕێککەوتی ٢٩ی ئاب دەستەی دەستپاکی عێراق دۆسیەكی نوێی گەندەڵی بە بڕی ٥٨ ملیار دینار لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك هەڵدەداتەوە و ئیدارەکە بە هاوكاریكردنی كۆمپانیای جێبەجێكار تۆمەتبار دەكات. 
 
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکراشیکردووە" ئیدارەی کەرکوک گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بۆ دروستکردنی ٢٥ قوتابخانە بە بەهای ٥٧ ملیار و ٨٩٤ ملیۆن دینار واژۆ کردووە، سەرەڕای ئەوەش كۆمپانیاكە ژمارەی قوتابخانەكانی لە ٢٥ قوتابخانەوە بۆ ١٨ قوتابخانە كەمكردووە و دەستکاریی نەخشەسازی و زەویی تەرخانکراوی قوتابخانەكانی كردووە". 

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستۆتەڕوو: ئیدارەی پارێزگای كەركوك پێچەوانەی ڕێنماییەكان، كۆمپانیای جێبەجێكاری سودمەندكردووە لە ڕێنماییەكانی ژمارە ٣٤٧ی ساڵی ٢٠١٥، كە ڕێنمایی تایبەتن بە پڕۆژە ڕاگیراوەكان بەهۆی قەیرانی دارایی، بەڵام ئەم پڕۆژەیە پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕانەگیراوە.


PM:01:51:29/08/2020