بە مەبەستی یەکخستنی هەڵوێستیان لەبارەی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان کۆبوونەوە.
لە لێدوانێکی بۆ میدیاکانی نزیک پارتی، خەسرەو گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی "ئێمە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان لە گفتوگۆداین، ئەمرۆ لەگەڵ یەکێتی لەسەر ئاستی دەزگای ھەڵبژاردنەکان کۆبوونەوەیەکمان ئەنجام دا بۆ ھەماھەنگیی زیاتر لەبارەی یاسای نوێی ھەڵبژاردنی عێراق، بریار درا لە داهاتوودا دانیشتنی خولیمان ھەبێت و ھەماھەنگیشمان ھەبێت، تا لەبارەی کۆمسیۆن و یاسایاكانی تایبەت بە هەڵبژاردن لە عێراق هەماهەنگ بین“.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە، لەگەڵ لیژنەی یاسایی و فراكسیۆنی هەردوو حزب کۆبوونەوە ئەنجام بدەن و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی یەک ھەڵوێست بن و زەرەر بە دەنگدەری كورد نەدرێت لە ناوچە كوردستانییەكان.
بەپێی یاسا نوێکە بەتەواوی گۆڕانکاری بەسەر شێواز و میکانیزمی هەڵبژاردندا هاتووە، بەشێوەیەک کە زامنی هەڵبژاردنی خەڵکی ناوچەکان بکرێت بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق، کە حیزبەکان بەتایبەتی پارتی لەگەڵ ئەو شێوازەدا نییە.