وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دڵنیایی دەداتە کەمئەندامان
" موچەکانیان نابڕدرێت "

وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم لەبارەی بڕینی مووچەی کەمئەندامان دڵنیای دەدات و دەڵێت" کە بەهیچ شێوەیەک باسی بڕینی مووچە و هاوکاری کەئەندامان نەکراوە".

 

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان كە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە رایگەیاند" وەک ھەوڵێک بۆ خزمەتکردنی ئەو موچەخۆرانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێنمایی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا بڕین و دەستکاری لە دەرماڵە و موچەی ئەو موچەخۆرانەدا نەکرێت".

 

‏‎لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە: ھەرچەندە بەپێی یاسای چاکسازی نابێت کەسێک دوو موچە لە حکومەت وەربگرێت، بەڵام بڕیارە بە ھیچ شێوەیەک دەستکاری موچەی ئەو موچەخۆرانە نەکرێت کە ١٠٠ ھەزار دینار وەک ھاوکاریی خاوەنپێداویستی تایبەت وەردەگرن، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت رێنمایی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە ئەو بڕە پارەیە بکرێتە دەرماڵە و نەبڕدرێت.

 

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی وتیشی" ئەوەش دوای داواکاری ئەو موچەخۆرانە دێت کە ئاراستەی وەزارەتیان کردوە، لەبەر دوو ھۆکار، یەکەم ئەو بڕە پارەیەیان لێ نەبڕدرێت، دووەم؛ ببێتە دەرماڵەو لەیەک شوێن موچەکانیان وەربگرن".

 

لە كۆتاییدا هاتووە" ‏‎وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی وەک چۆن ھەمیشە لە خزمەت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بوە و داکۆکیکاری مافەکانیان بووە، بەھەمان شێوە دڵنیایی دەدات کە دەستکاری موچەی ئەو کەسانە ناکرێت و بە هیچ شێوەیەکیش باس لە بڕینی موچە و هاوکاری هیچ کەمئەندامێک نەکراوە و دڵنیایی ئەدەین بە کەمئەندامان کە موچەکانیان نابڕدرێت". 



PM:11:03:01/09/2020