لە سنوورەکانی سەردەشت و پیرانشار چوار کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنیەکانی ئێران کوژران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی سەردەشت و پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازیەکانی ئێران کوژران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند" هێزە ئەمنیەکانی ئێران لە سنووری قەلەرەشی سەردەشت تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە  و لە ئاکامدا سێ کۆڵبەر کوژراون". 

ڕاشیگەیاندووە" ناوی ئەو سێ کۆڵبەرەی کە کوژراون بریتین لە "زانست حەسەن نەژاد، تەمەن ٢٥ ساڵ، زانکۆ ئەحمەدی تەمەن ٢٢ ساڵ و سرووش ملکاری". 
 
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی سوپای پاسداران لە سنووری زێوەی پیرانشار تەقەیان لە کاسبکاران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "جەلال خزری" خەڵکی زێوە گیانی لە دەست داوە. تەرمی ئەو کۆڵبەرە هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ئەمساڵ ٣١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون یان  بریندار بوون.

PM:04:34:02/09/2020