د.هێرش سەید سەلیم: وەزیر سەردانی پزیشکە نەخۆشەکانی کۆرۆنا ناکات، سەردانی مشەخۆرێک لەسەر گیرفانی حکومەت دەکات

جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، د. هێرش سەید سەلیم رەخنە لە وەزیری تەندروستی دەگرێت کە سەردانی هونەرمەند کەریم گوڵانی کردووەو دەڵێت" بۆ سەردانی کەسوکاری ئەو پزیشکانەی کۆرۆنا ناکەیت کە بەگیرفانی خاڵیەوە گیانیان لەدەستدا".


لە پۆستێکدا د. هێرش سەید سەلیم لەسەر سەردانی د. سامان بەرزنجی بۆ لای هونەرمەندی میللی کەریم گوڵانی نووسیوویەتی " لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە تا ئەم ساتە بە دەیان و سەدان پزیشك و كارمەندی تەندروستی كە لە سەنگەری یەكەمی بەرەنگار بوونەوەی كۆرۆنا بوون تووشی پەتاكە بوون وبەشێكیش گیانیان سپارد كە زۆرینەیان بە گیرفانی بەتاڵ وبێ مووچە بەرگریكارێكی سەرسەختی كۆرۆنا بوون نەك وەزیری تەندروستی وستافەكەی بە پەیامێكیش بەسەریان نەكردونەتەوە بگرە پاداشتی مەعنەویشیان نەداونەتەوە لانی كەم سەردانی خانەوادەی كۆچكردووانی كردبێت".


هەروەها ئەو بەپرسەی تەندروستی سلێمانی دەشڵێت " بەڵام ئەوەی زیاتر پزیشكان و كارمەندان. نیگەران دەكا وەزیرێك كە ئەبوایە لەم بارودۆخە ڕۆڵی سەرۆك وەزیران ببینی، بەڵام بووە بە نوێنەری كۆمەڵایەتی و دەوری كوێخای دێكە ئەبینێ كەسێك بەسەر ئەكاتەوە كە ٣٠ ساڵە مشەخۆرە لەسەر گیرفانی حزب و حوكمەت لە پیا هەڵدان بە حیزب و كۆمەڵێكی دیاری كراو زیاتر یەك داری نەخستۆتە سەر بەردی هونەری و بگرە هونەرەكەشی بۆ گیرفان پڕكردن بەكارهێناوە".


هەروەها د. هێرش سەید سەلیم دەشڵێت " ئەو کەسە خاوەنی هۆڵێكی بۆنەو ئاهەنگە نرخەكەی لە ٤٠ دەفتەر دۆلار كەمتر نیە كەوتۆتە لاڵانەوە كڕوزانەوە بۆ ئەوەی وەزیری تەندروستی ڕێگەی بدا هۆڵی بۆنەكەی بۆ بكاتەوە، بەدەنگەوە چوونی وەزیرێك بۆ ئەو جۆرە كەسانە و پشتگوێ خستنی سەربازەكانی خۆی سیاسەتی پادارو بێ پایە پێویستە جەنابی وەزیر پۆزش بۆ پزیشكان وكارمەندانی خۆی بێنێتەوە كە بوون بە قوربانی كۆرۆناوداوای لێبووردنیان لێ بكات لەمە بەدەر هیچ سیفاتێكی سەركردایەتی كردنی دەیان هەزار كارمەندو پزیشكی ئەكەوێتە ژێر پرسیار".
 


PM:03:03:05/09/2020