فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق ئامادەن دەستلەکاربكێشێتەوە، ئەگەر رێکخەرو خانە بەکەسانی شایستە بگۆڕدرێن

کێشەکانی نێو گۆڕان لە نێوان پەرلەمانتاری بەغدا و دەستەی سەرۆکایەتی ئەو حیزبە قوڵ دەبێتەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەوان مادەن دەستلەکاربکێشنەوە، ئەگەر بڕیار بەدەستانی ئێستای گۆڕان بڕیار بدەن لە حکومەتی هەرێم بکشێنەوە و رێکخەر و خانە جێگەکانیان بۆ خەڵکی شایستە چۆڵبکەن.


فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا دەڵێن" ‎دوا بەدوای کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی 5/ 9/ 2020 فراکسیۆنی گۆڕان بە ئامادەبونی تێکرای ئەندامەکانی لە شاری بەغدا کۆبوەوە و تیایدا ئەم خاڵانەی خوارەوە ئاراستەی رایگشتیی و جەماوەری گۆڕانخوازی کوردستان دەکات، ئەو فراکسیۆنە، جەخت لەسەر ناوەرۆکی راگەیەندراوی پێشوی فراکسێۆنەکەیان لە ۸/۲٠ دەکەنەوە و دوپاتی دەکەنەوە کە کابینەیەی (نۆ)ی حکومەتی هەرێم "شکستی خواردوە و ئەجێنداکانی دژی خەڵک و فەرمانبەران و ئازادیخوازانە و دەبێ گۆڕان لێی بکشێتەوە".


‎هەروەها فراکسیۆنەکە دەڵێن" سەبارەت بەو قسانەیش کە بەناوی رێکخەری گشتیی لەناو جڤات و بە نارەسمیی بڵاوکراونەتەوە و گوایە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئێمەی کردوە، دەمانەوێ بە رونی رایبگەیەنین کە ئیمە ئەگەرچی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکین و بە دامەزراندن پۆستمان وەرنەگرتوە، بەڵام هەمومان ئامادەین دەستبەجێ دەستلەکاربکێشینەوە ئەگەر بڕیار بەدەستانی ئێستای گۆڕان بڕیار بدەن لە حکومەتی هەرێم بکشێنەوە و رێکخەر و خانە جێگەکانیان بۆ خەڵکی شایستە چۆڵبکەن، هیچ کام لە ئێمەش چاومان لە هیچ پۆستێکی حزبیی و حکومی و پەرلەمانی نیە و وەک گۆڕانخوازێکی ئاسایی دەمێنینەوە، بەڵام لە هەر پێگە و جێگەیەکدا بین داکۆکی سەرسەخت لەو فکر و بنەما سەرەتاییانە دەکەین کە گۆڕانمان بۆ دامەزراند".


لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " نیگەرانین لەو ئاستە نزمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نوێنەری فراکسێۆنی گۆڕان کە لە کۆبونەوەی جڤاتدا کراوە و، جێگەی هەڵوەستەی جدیمانە لەبری لێپرسینەوە لە تیمی گۆڕان لە حکومەت بەتایبەت لە پرسی لێبرینی موچەی فەرمانبەران کە سیستمێکی زۆرەملێی نایاساییە و سەپێنراوە، بەڵام لە بری ئەوە پەلامارێکی ئاست نزمی فراکسێۆنەکەی ئێمە دراوە کە سەرسەختانە داکۆکی لە ماف و موچە و ژیانی هاوڵاتیان لە هەرێم و بەغدا دەکات و راستگۆیانە بەرگری لە پرەنسیپەکانی گۆڕان دەکات".


‎فراکسیۆنی گۆڕان کەلەلایەن د. یوسف محەمەدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، دەڵێن" ئێمە بە هەستکردن بە نیگەرانیی خەڵک داوامان کردوە کە گۆڕان لە حکومەت بکشێتەوە، ئەمەشمان بە بەیاننامە و روبەڕوش لە کۆبونەوەی جڤات دوپاتکردۆتەوە، بەڵام بێ هیچ دەنگدان و راپرسی و رێزگرتنێک لەو داوایە، وتەبێژی گۆڕان مانەوەی گۆڕانی لە حکومەت راگەیاند و شیوازی مامەڵەکەشیان لەگەڵ نوێنەری فراکسێۆن دەرخەری داخستنی دەرگای گفتوگۆیە لەسەر ئەو بابەتە لە لایەن ئەوانەوە و ئەمەش وایکرد کە پەیوەندیەکانمان لەگەڵیاندا هەڵپەسێردرێت".


‎هەروەک لە کۆتاییدا فراکسێۆنی گۆڕان ئەوە دەخەنەڕوو کە بە دواداچونی تەواو دەکەن بۆ پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەکانی جوتیاران و هەمو ئەو مافەدەستوریانەی کە هەرێم هەیەتی.




PM:02:59:07/09/2020