هونەرمەندێکی زیندانکراو لە هەولێر دەستی بە مانگرتن کرد

لەبەرئەوەی بەهۆکاری خۆپیشاندان دوو هەفتەیە دەستگیرکراوەو ئازاد ناکرێت، هونەرمەند شەهرام نامیق دەستی بە مانگرتن كرد.


رێبین سەباح پارێزەری کەیسی هونەرمەند (شەهرام نامیق) بە ماڵپەڕی (خەڵک)ی ڕاگەیاند، "نزیکەی ١٧ ڕۆژە ئەو هونەرمەندە لە هەولێر بە تۆمەتی ئەوەی بەنیازبووە خۆپیشاندان بكات دەستگیركراوە، ئەمەش ڕاست نییە چونکە هەر وەک کەسێکی ئاسایی لەبازاڕ بووە، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی ٢٠ کەس دەستگیرکرابوون لەدوای دوو ڕۆژ هەمووان ئازاد کران، تەنیا شەهرام نامیق و کەسێکی تر نەبێت ئازاد نەکراون".


ئەو پارێزەرە لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی"لەسەر داوای کەس کارەکەی بریکارنامەمان برد بۆ شوێنی ڕاگیراوان لەچاکسازی هەولێر، تاوەکو ئەوەی من و دوو پارێزەری تر ببینە بریکاری و بەدواداچوونی بۆ بکەین، بەڵام بەداخەوە پێمان ڕاگەیەنرا کەوا ناوبراو حیجزی بەڕێوەبەڕی پۆلیسی هەولێری لەسەرە بۆیە هیچ دۆسیەیەکی یاسایی نییە و بریکارنامەشی بۆ ناکرێت، لەبەر ئەوە ئەگەر کەسێک دۆسیەی یاسایی نەبێت و بەبڕیاری دادگا دەستگیرنەکرابێت هیچمان پێ ناکرێت، تەنها ئەوە نەبێت ڕێکخراو و ناوەندە جیهانیەکانی لێ ئاگادار بکەینەوە".


رێبین سەباح راشیگەیاند نە ئێمە وەک پارێزەر نە هیچ کەسێک لەئەندامانی خێزانەکەی تائێستا نەیان توانیوە بیبینن، تەنها هەندێ جار لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی بەندیخانە قسەی لەگەڵ کراوە و وتویەتی لەم بەندیخانەیەم، لەدوا پەیوەندیشی ڕایگەیاندوە مانی لەخواردن گرتووە کە لەکاتی ئێستادا دەکاتە ٧٢ کاتژمێر مانگرتنەکەی دەست پێکردووە داواش لەهەموو لایەک دەکەین بەیەکەوە هەوڵی ئازادکردنی ناوبراو بدەین، چونکە دەستگیرکردنەکەی نایاساییە و بێ بڕیاری دادوەرە.
 


AM:09:25:08/09/2020