كاروان گەزنەیی: سەرۆكایەتی پەرلەمان پۆلیس ئاسا مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانتاران دەكات

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەڕلەمانی كوردستان گرژی دەكەوێتە نێوان سەرۆكی پەڕلەمان و پەڕلەمانتارێكی یەكێتی و ئەو پەڕلەمانتارەش ڕایدەگەیەنێت" بەداخەوە سەرۆكایەتی پەڕلەمان بەشێوەیەكی پۆلیس ئاسا مامەڵە لەگەڵ ئەندامان دەكات".

 

كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٠ی پەڕلەمانی كوردستان، بەگوێڕەی پەیڕەوی ناوخۆ داوای خاڵی پەیڕەویم كرد، بەڵام سەرۆكی پەڕلەمان ڕێگەی نەدا بەتەواوی قسەبكەم و داوای كرد لەدەرەوە قسە بكەم، بۆیە بەڕای گشتی ڕایدەگەیەنم، كە لەمانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ پرسیارمان ئاڕاستەی وەزیری دارایی كردوە لەسەر دۆخی مووچەخۆران و بوودجە و دواكەوتنی مووچە، بەڵام هەر جارە و بەجۆرێك لە پەڕلەمان وەڵامی ئێمە دراوەتەوە، بۆیە لەسەر ئەوە داوای پرساندنی وەزیری داراییمان كردوە، دوای ١٠ مانگ تائێستا پەڕلەمان نەیخستۆتە بەرنامەی كار، لەكاتێكدا بەگوێرەی پەیڕەو تەنها ١٤ ڕۆژ بۆیان هەیە پڕساندن دوابخەن، كەچی سەرۆكایەتی پەڕلەمان بەبێ هیچ هۆكارێك ماوەیەكی زۆر ئەو بابەتەی دواخستووە".

 

گەزنەیی وتیشی" لەسەر ئەو بەرنامەی كارەی ئەمڕۆ تێبینیمان هەبووە و پێویست بوو دانیشتن لەسەر چەند دۆسیەیەكی دیكە بكرێت نەك ئەم بەرنامەی كارەی ئەمڕۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیش بەتەواوی بەرپرسە لەو بەرنامەی كارەی دانراوە".

 

دەشڵێت" بەداخەوە سەرۆكایەتی پەڕلەمان بەشێوەیەكی پۆلیس ئاسا مامەڵە لەگەڵ ئەندامان دەكەن و ڕێگا نادەن خاڵی پەیڕەوی پێویست وەربگیرێت، هاوکات پرسیارامان ئاراستەی وەزیر كردووە كە وەزیرەكە رایگەیاندووە لە راگەیاندنەوە وەڵامی پەرلەمانتارانی داوەتەوە".

 

ڕاشیگەیاند" سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رێگە نادەن پەرلەمانتار خاڵی یاسایی وەربگرێت و بەشێوەیەكی ئازادانە  مافی دەربڕین جێبەجێ بكات، بۆیە من لە هۆڵێكی پەرلەمان دانانیشم كە بەرنامەی كارەكەی ئەوە بێت و رێگەش نەدەن ئازادانە قسەی خۆم بكەم".



PM:04:31:08/09/2020