وەزارەتی کارەبا گرێبەستێک بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دینار واژۆدەکات

وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت" گرێبەستێك بەبەهای زیاتر لە سێ ملیار دینار بۆ پرۆژەی راكێشانی كێبڵی ئازادی نوێ  واژوو كرا". 

 

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند" كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای شاندز واژۆكرد بۆ راكێشانی پرۆژەی كێبڵی ئازادیی نوێ – رووناكی 33 كەی ڤی، بە گوژمەی سێ ملیار و 23 ملیۆن و 407 هەزار دینار، كە بڕیارە لە ماوەی 120 رۆژدا، پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت". 

لە رێوڕەسمی واژۆكردنی گرێبەستەكەدا، وەزیری كارەبا باسی لە گرنگیی ئەو پرۆژەیە كرد بۆ كەمكردنەوەی گرفتی بارزۆری كارەبای سەر ژمارەیەك گەڕەکی ناو شاری هەولێر، داواشی لە كۆمپانیای شاندز كرد "هاوشێوەی كارەكانی دیكەی، ئەم پرۆژەیەش لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو بكات و پابەندی دیزایین و جێبەجێكردنی كوالێتیی بەرزی پڕۆژەكە بێت".

وەزیری كارەبا هەروەها سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیرانی كرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوكارییەی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا پێشكەشی وەزارەتیان كردووە.

وێستگەی ئازادی نوێ، بە یەكێك لەو وێستگە گرنگانەی دابەشكردنی كارەبا دادەنرێت، كە بۆ كەمكردنەوەی بارزۆری لەسەر وێستگەی ئازادیی كۆن لە هەولێر بونیاتنراوە و بە کارپێکردنی وێستگەكە و راكێشانی كێبڵەكان، گرفت و كێشەیەكی زۆری كارەبا لەو گەڕەكانە چارەسەر دەبێت کە بە وێستگەکەوە پەیوەستن.



PM:05:24:08/09/2020