لە ئێران سزای لە سێدارەدانی هاوڵاتییەک جێبەجێکرا

سزای لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری برووجێرد سەر بە پارێزگای لوڕستان جێبەجێ کرا.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند" بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە سزای لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی خەڵکی برووجێرد بە ناوی (شاباز حەدادی) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا". 


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە" کە شاباز حەدادی بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپێنراوە". 


شاباز حەدادی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ئەیلولی ئەمساڵ لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی "سەفەر مێهرانی" بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون. سەفەر مێهرانی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی بۆ دوومانگی دیکە دواخراوە و ئەگەر لەو ماوەیەدا بڕی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەن پارە بۆ بنەماڵەی کوژراوەکە دابین نەکات، ئەوا حوکمەکەی جێبەجێ دەکرێت.

بە پێی ئامارێکی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا لانیکەم حوکمی سێدارەی پێنج هاووڵاتی خەڵکی بروجێرد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کراوە.



PM:12:34:09/09/2020