کازمی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی:
بوار نییە زیادەڕۆیی بە سەروەری عێراقەوە بکرێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای دیارێکی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبووەوە.


نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەراگەیاندنێکدا لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە رایگەیاندووە" ئەزمونی هاوکاری ئاسایش و تەواوکاری لە کارەکانی هێزە ئەمنییەکان لە رووبەرووبوونەوەی داعشی تیرۆریستی، یەکێتی نیشتمانی بەهێزتر کردو بۆتە هۆی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن".


هەروەها سەرۆک وەزیران لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی" سەرورەی عیراق ئەودەستەواژەیەیە کە هەموو عێراقییەکان کۆدەکاتەوە، بوار نییە زیادەڕۆیی پێوە بکرێت، ئێستا دەرفەتێک لە ئارادایە بۆ کاری هاوبەش و، پێشکەشکردنی باشترین هەوڵ کە خزمەتی هاوڵاتی عێراق بکات، سەرباری ئەوەی کارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیش خێراتر دەکات کە دەستەبەری باشترین گوزارشت لە دەنگی گەلی عێراق بکات لە بژاردە راستەقینەکانیدا.


بەپێی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەسرور بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە کۆبوونەوەکە راگەیاندووەو، دەریخستووە کە حکومەتی هەرێم ئامانجی چارەسەری سەرجەم دۆسیە هەڵپسێردراوەکانەو، ئاواتە خوازە کە چارەسەری مەودا درێژ بەچەسپێت بۆ ئەو کێشانە، هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پاڵپشتی کابینەی مستەفا کازمی دەکات کە هەوڵی چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا دەدات.

 
پێشتریش لە کۆبوونەوەی کازمی لەگەڵ مەسعود بارزانی، نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەش داوە، کە لەکۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هەماهەنگیی بەرزی هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هۆکاری سەرکەوتن بوون بەسەر داعش.

 
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، مستەفا کازمی رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکیی عێراقە و دانوستاندن و گفتوگۆی هەردولا لەسەر بنەمای دەستوور، داهاتووێکی گەش و سەقامگیر بۆ عێراق فەراهەم دەکات.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر و جگە لەکۆبوونەوە سیاسیەکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم بڕیارە سەردانی دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجەش بکات و دەروازە سنوریەکانیش بەسەر بکاتەوە.
 




PM:02:48:10/09/2020