هێزێکی حەشدی شەعبی لەسنوری خانەقین دەچنە سەر رەبیەکانی پێشمەرگە

هێزێکی سەربە حەشدی شەعبی، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسنوری قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە، چوونەتە سەر چەند خاڵێکی سەربازی پێشمەرگە و هەوڵیانداوە بەزۆر خاڵە سەربازیەکانیان پێ چۆڵ بکەن، دواتر پێشمەرگەش هێزی زیاتری ڕەوانەی سنورەکە کردووە و کێشەکە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.


موقەدەم سیروان حەمەئەمین فەرماندەی پێشمەرگە لە سنوری خانەقین لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕووداوەکەی دوێنێ چوار شەممەی گێڕایەوە و ئاماژەی بەوەکرد هێزێکی حەشد لەسنوری خانەقین بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، چوونەتە سەر چەند خاڵێکی سەربازی پێشمەرگە و داوای چۆڵکردنی رەبیەکانیان لێکردوون، بەڵام پێشمەرگە چۆڵکردنی رەبیەکانی ڕەتکردووەتەوە، وتی" ئەو پێشمەرگانەی لە نێو ڕەبیەکاندا بوون، بە هێزەکانی حەشدیان وتووە: ئێمە عەسکەرین، تا فەرمانمان لەسەرووی خۆمانەوە بۆ نەیەت، هیچ جێگەیەک چۆڵ ناکەین، موناقەشە لەنێوانیاندا ڕوویداوە، حەشدەکان وتوویانە: با خوێن بڕژێ، پێشمەرگەکان پێیانوون: کەس سود لە خوێن ڕشتن نابینێت."


وتیشی"ئەوان بەوشێوە هاتبوون، ڕەبیەکان بە پێشمەرگە چۆڵ بکەن، دواتر کە زانیبوویان پێشمەرگە بۆیان چۆڵ ناکات، گەڕابوونەوە و وتبوویان: لەگەڵ مەرجەعی خۆمان قسەدەکەین، ئێمە لەجێگەکانی خۆمانین و ئەوان ڕۆیشتن."


ئەو خاڵە سەربازیانەی هێزەکانی حەشد هەوڵی وەرگرتنەوەیان لە پێشمەرگە دابوو، جادەیەکە لە سنوری باوەمەحمودی باکوری ڕۆژاوای خانەقینەوە درێژ دەبێتەوە تا دەکەی سەرچەم، بەبڕوای موقەدەم سیروان هێزەکانی حەشد پلانی تریان هەبووە، وەک ئەو دەڵێت"دەیانویست سەرەتا ئەو ناوچە بگرن، تا دەستیان بگاتە شاخی مرواری، چونکە ئەو شاخە بەسەر هەموو ناوچەکەدا باڵادەستە."


فەرماندەکەی پێشمەرگە، ڕوونیکردەوە ڕەبیەکانی حەشد نزیکن لە ڕەبیەکانیانەوە، بەڵام ئەو هێزەی هاتبوون تا ڕەبیەکان بە پێشمەرگە چۆڵ بکەن، هیچ هەماهەنگیەکیان لەگەڵ حەشدی ناوچەکەدا نەبووە، وتی"کێشەکە ئەوەیە، ئەوان لەنێو خۆیاندا هەماهەنگ نین، ئینجا ئەو گوندانەی بەدەست ئێمەوەن، تائێستا یەک کەسیان تێدا نەکوژراوە، خەڵک لەو گوندانە دەکوژرێ کە حەشدیان تێدایە."


سەبارەت بەو هێزەی چوونەتە سەر ڕەبیەکانی پێشمەرگە و باکیان لەخوێن ڕشتن نەبووە، موقەدەم سیروان وتی"ئەو هێزەی حەشد لەکەربەلاو نەجەفەوە هاتبوون، جێگەیان نادیارە، ئەوان حەشدن، کەچی حساب بۆ هاوڕێکانی خۆشیان کە حەشدن ناکەن."


لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، موقەدەم سیروان حەمەئەمین فەرماندەی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەکرد هەڵوێستی سوپای عێراق خراپ نەبووە، نیگەرانیان دەربڕیووە لە کێشە دروست کردن لەلایەن ئەو هێزەی حەشدەوە، وتی"فەرماندەی سوپا سەردانی کردین، وتی سەرووی خۆمان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە، حەشد حساب بۆ ئەوانیش ناکات."

 
 پەیوەندی بە بەرپرسی باڵای حەشدی شەعبیەوە لە خانەقین کراوە، بەڵام بەبیانوی ئەوەی هێزەکە سەربەوان نەبووە، ئامادەنەبوون لێدوان لەو بارەیەوە بدەن.

 


PM:11:06:10/09/2020