دواین زانیاری لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران

وەزارەتی دارایی و ئابووری داوا لە هەموو وەزارەت و دەستەکان دەکات لیستی مووچەی فەرمانبەران بە لێبڕینی ٢١% رەوانەی وەزارەتەکە بکەن.

 

بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەستبکرێتەوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی ٢٠٢٠ی فەرمانبەرانی هەرێم، بەپێی زانیارییەكانی "سپی"، بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی سەر بە وەزارەتی دارایی داوایکردووە وەزارەت و دەستەکان لیستێکی نوێی مووچە ئامادە بکەن بە لێبڕینی ٢١%، تاوەکو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.

 

هەر بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە حكومەتی عیراق ٣٢٠ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەكات و دوێنێش جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" ئەو داهاتەی لەبەر دەستی ئێمەیە بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابینی دەکەین". 

 

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدابوو بۆ ئەو سێ مانگەی بەپێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا ٣٢٠ ملیار بۆ هەرێمی کوردستان دێت، مووچە بە لێبڕینی ٢١% دابەش بکات.



PM:02:03:12/09/2020