عەلی حەمە ساڵح: دوو کۆمپانیا ڕۆژانە شەست ملیۆن دینار لە خەڵکی سلێمانی وەردەگرن

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند" ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە بە ناڕەوا پارە لە هاوڵاتیان وەردەگرن لە جیاتی کەمبکات لەم کابینەیە زیادی کردوە".

 

عەلى حەمە ساڵح ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان لە نوسینێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی بۆ حکومەت و وەزارەتى ناوخۆ رایگەیاندووە" ئێوە بڕیارتاندابوو پێداچونەوە بە گرێبەستی ھەموو ئەو کۆمپانیایانەدا بکەن، کە لە خاڵی سنوری و بازگەکان و شارەوانی و دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە بری حکومەت پارە لە خەڵک وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی، کە بە ناڕەوا پارە وەردەگرن، لەبری ئەوەی کەمبکات؛ لەم کابینەدا زیاددەکات".

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە دوایەمین پێشھاتدا لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆی سلێمانی دوو کۆمپانیا دەستبەکاربوونیان بۆ دەکرێت، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەلای کەمەوە ڕۆژانە ٦٠ ملیۆن دینار لە ھاوڵاتیانی ئەم شارە وەردەگرن. 

 

دەقى پەیامەکەى عەلى حەمە ساڵح:

بەڕێزان: سەرۆکایەتی حکومەت
          وەزارەتی ناوخۆ 
ئەم سەرانە وەرگرتنە بەناوی کۆمپانیا ڕابگرن

ئێوە بڕیارتاندابوو پێداچونەوە بە گرێبەستی ھەموو ئەو کۆمپانیایانەدا بکەن، کە لە خاڵی سنوری و بازگەکان و شارەوانی و دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ ...... ھتد لە بری حکومەت پارە لە خەڵک وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی، کە بە ناڕەوا پارە وەردەگرن، لەبری ئەوەی کەمبکات؛ لەم کابینەدا زیاددەکات... 

لە دوایەمین پێشھاتدا لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆی سلێمانی دوو کۆمپانیا دەستبەکاربونیان بۆ دەکرێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەلای کەمەوە ڕۆژانە ٦٠ ملیۆن دینار لە ھاوڵاتیانی ئەم شارە وەردەگرن! 

یەک: پشکنینی بەڕاد...
پێشتر کە ئۆتۆمبیل پشکنینی ھەزەی دەکرد، لەگەڵیدا بەبێ بەرامبەر پشکنینی بەڕادی بۆ دەکراو ھیچ گرفتێک نەبوو بۆ شۆفێرو بۆ حکومەتیش، ئیستا پشکنینی بەڕاد دراوە بە کۆمپانیایەک، دەبێت ئۆتۆمبیل بۆ ئەم پشکنینە ڕۆتینە بچێتە کەڵەوانان لەوێشەوە ٢٠ خولەک بە جادەی خۆڵدا بچێت و پشکنینێک بە ٢٥ ھەزار بکات لای کۆمپانیایەک
!! 
ڕۆژانە نزیکەی ھەزار ئۆتۆمبیل ئەم ڕێگا ببڕن و ھەریکە ٢٥ ھەزار بدەن، تەنیا لە پێناوی قازانجی کۆمپانیایەک و ھیچی تر... 

دوو: عەریزە نوسین
پێشتر ٤٢ ھاوڵاتی ھەژار سەرقاڵی عەریزە نوسین بون! نانبڕاوکران، بەناوی سیستمی ئەلیکرۆنی، کە لە بنەڕەتدا تەنیا نوسینە بە کۆمپیوتەر!!! 

کەسێک دانراوە لەبەر دەرگای فەرمانگەی پۆلیسی ھاتووچۆ، ھەر ھاوڵاتیەک بچێت، پێی دەڵێت: دەبێت بچیت بە کۆمپیوتەر عەریزەکانت بنووسیت. 

پێشتر نوسینی عەریزەیەک ٢ ھەزار دینار بوو، ئێستا دوو دێڕ بنوسێت ٥ ھەزارت لێوەردەگرن، بۆ ئستنساخ پێویستی مامەڵە دەگاتە ٢٠ ھەزار دینار!!! 
جگە لەو قەرەباڵخیە زۆرەی دروستکراوە..
ئەمەش تەنیا  دەرکردنی سەدان ملیۆن دیناربوو لە گیرفانی ھاوڵاتیانی ئەم شارە بۆ کۆمپانیایەک!!
ڕۆژانە نزیکەی١٣٥٠ کەس ڕودەکاتە  ئەم فەرمانگە.. 

پاش پرسیارکردن، وەڵام ئەوەبوو پێشتر لە ھەولێر  ھەمان کار کراوە!! واتە: نەقڵی کارێکی ناڕەوایەو قوربانی ھاوڵاتیە...

تێبین: 
لە ڕێگای پەرلەمانەوە بە فەرمی کارمان لەم دۆسیانەدا کردوەو ناردومانە بۆ داواکاری گشتی...
ئامانج لە بڵاوکردنەوەی، ھاوڵدانە بۆ خێرایی کارکردن تێیدا...
عەلی حەمە ساڵح



PM:01:03:14/09/2020