فڕۆکەکانی تورکیا ناوچەکانی زاخۆ بۆردومان دەکەن

فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا گوندەکانی سنوری ناحیەی دەرکار لە قەزای زاخۆ سەر بە پارێزگای دهۆک بۆردوومان دەکەن، بەهۆیەوە زیان بە ڕەزوباخی هاوڵاتیان کەوتووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی "سپی"، کاتژمێر ٨:٣٥ خولەکی ئەمشەو سێشەممە جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی شەرانشی سەروو و چیای خامتیر-یان لە ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ بە چڕی بۆردومانکرد. 

تا ئێستا زیانە گیانی و مادیەکانی هاوڵاتیان نەزانراوە، به‌ڵام به‌هۆی بۆردومانه‌كه‌وه‌ ئاگر له‌ پوش و پاوانی دانیشتووانی ناوچەکە كه‌وتوه‌ته‌وه‌، به‌مه‌ش ترس و دڵه‌ڕاوكێی زۆری له‌ناو هاوڵاتیانی نیشته‌جێی ده‌وروبه‌ری زاخۆ دروستكردوه‌.

 

هاوکات هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بۆردومانەکە بەردەوامە و جاربەجار فڕوکەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە. 

 

ماوەی سێ مانگە توركیا چەندین جار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی هەرێم بە بیانوی هەبوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجامداوە، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک ھاوڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون و زیانی ماددی زۆریشی بە دانیشتووانی ناوچە سنورییەکان گەیاندووە.



PM:10:01:15/09/2020