ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هێرشدەکاتە سەر ئەنجومەنی وەزیران

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هێرشدەکاتە سەر ئەنجومەنی وەزیران و ئەو بەهۆکاری کەموکوڕییەکانی پارێزگاکە دەزانێت.



ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠ ی ئەیلول لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ لیژنەیەكی كاتیمان بۆ لێكۆڵینەوە لە سوتانی دار سنەوبەرەكانی نێوان سلێمانی - تاسڵوجە و كەوتنەوەی ئاگر لە شاخی گۆیژەو ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی پێكهێناوەو لیژنەكە سەرپشك كراوە كە چاوپۆشی لە هیچ و كەس و لایەنێك نەكات و كارەكانی خۆیان بەباشی ئەنجام بدەن".

 
سەرۆکی ئەنجومەن وتیشی" هۆكاری سەرەكی كەمو كوڕییەكان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەو زۆربەی كارەكانی حكومەت لەكاتی خۆیدا ئەنجام نادرێت".


ئازاد حەمە ئەمین روونکردنەوەی زیاتر لەسەر کەموکوڕیەکانی حکومەت دەدات و نموونە دەهێنێتەوە" ئاگربڕ پێویستە لەكاتی خۆی بێت، بەڵام بە هەر پاساوێك بێت یان ناكرێت یاخود لەكاتی خۆی نەكراوە، ئەگەر لە كاتی خۆی بێت ئەوا دارستانەكان ناسوتێت و لەكاتی سوتانیشی زوتر كۆنترۆڵ دەكرێت و كەمترین زیانی دەبێت".

 

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکرد، بڕیارێک دەرچوە بۆ ئەوەی کە 100 هەزار دینار لە هەر هاوڵاتییەک وەربگیردرێت، کە لەماڵەکەیدا پێوەری ئاوی نەبەستوە، ئەوەش لەگەڵ باروگوزەرانی هاوڵاتیان و ئەو موچەیە ناگونجێت کە حکومەت دابەشی دەکات، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە ئاوی پێویست بۆ هاوڵاتیان دابینبکات.


ئەوەشی خستەڕو، "ناکرێت حکومەت ئەرکەکانی خۆی وەکو پێویست جێبەجێ نەکات، لە بەرامبەر ئەوەشدا هەندێک بڕیار بدات کە بارگرانی بێت بۆ سەرۆ هاوڵاتیان".

 




PM:12:41:20/09/2020