هاوسەری بەرپرسەکەی هەدەپە داوای چارەنووسی مێردەکەی لە دەسەڵاتدارانی سلێمانی دەکات

ئەسلیەخان کایار هاوسەری هەڵسوراوی هەدەپە، عەلی ئەحمەد کایار کە زیاتر لە دوومانگە لە سلێمانی بێسەروشوێن کراوە، داوای چارەنووسی هاوسەرەکەی لە دەسەڵاتدارانی سلێمای دەکات.


عەلی ئەحمەد کایار خەڵکی شاری سێرتی باکوری کوردستان لە ١٥ی مانگی حەوتەوە تاکو ئێستا لە شاری سلێمانی بێسەروشوێن کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەری نازانرێت، ئاسایشی هەرێمیش لەسەر چارەنووسی کایار هیچ زانیارییەکیان بە نوێنەراتی هەدەپە نەداوە.

 
ئەسلیەخان کایار هاوژینی عەلی ئەحمەد کایار بەڕۆژ نیوزی راگەیاندووە، بێسەروشوێنکردنی هاوژینەکەی لە سلێمانی پێدەنێتە سێیەمین مانگی خۆیەوە، بەڵام هەتاکو ئێستا ئاسایشی هەرێم هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی کایار بە خانەوادەکەی نەداوە، ناوبراو ڕایدەگەێنێت،" حکومەتی هەرێم بەرپرسی ژیانی کایارە و بەلانی کەمەوە پێیان ڕابگەێنن کە کایار زیندووە یان نا"!.

 
ئەسلیەخان ئاماژەی بەوەدا، کە بە بیانوی کۆرۆنا دەوڵەتی تورک ڕێگەیان پێنادات کە بێنە باشوری کوردستان و سەردانی دادگاکانی هەرێم بکەن، هەروەها دەشڵێت "بەهۆی کەمدەرامەتییەوە ناتوانن پارێزەر بۆ کایار بگرن."


ئەو ماڵپەڕە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەدەپە ئامادەیە پارێزەر بۆ کەیسەکە دابنێت، بۆ ئەمەش چاوەڕێی هاتنی خانەوادەی کایارن بۆ شاری سلێمانی.

 


PM:06:44:20/09/2020