ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەکەن

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەستەی داکۆکی لە زانکۆ و پەیمانگاکان و ئەنجومەنی فشار راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە ئەوە دەخەنەڕوو کە ماوەی شەش ساڵە دەسەڵاتدارانی ھەرێم بە شێوازی دەستکردی جۆراوجۆر ستەم لە مامۆستایان و موچەخۆران دەکەن، هاوکات هەر لەو راگەیاندنەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ئەگەر بەدەم داواکانیانەوە نەچن خۆپیشاندان دەکەن.


دەقی ئەو داواکارییەکانی ئەنجومەنی مامۆستایان ناڕازی و ئەنجومەنی فشار..


 ١ ــ ھیچ جۆرە میکانیزم و شێوازێک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن سەرکەوتوو نابێت و مامۆستایان پابەند نابن پێوەی ئەگەر پێش ئەو بڕیارە داوا سەرەکییەکانی مامۆستایان جێبەجێ نەکرێت، کە بریتین لە،


ئـ  ـــ پێدانی موچەی تەواوەتی بێ لێبڕین و دەستکاری کردن ھەموو ٣٠ رۆژجارێک .


بـ ــ دیاریکردنی چارەنوسی موچە بەناو پاشەکەوتکراوەکان و نەدراوەکان، بەشێوەیەک مایەی رەزامەندی سەرجەم موچەخۆران بێت .


ج ــ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران .


د ــ دامەزراندن و دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگان، بەتایبەتی  مامۆستایانی وانەبێژ .


٢ ــ  خوێندنی ئەلکترۆنی و ئۆنلاین رەتدەکەنەوە و پێیان وایە ئەو جۆرە خوێندنە لە ھەرێمی کوردستاندا سەرکەوتوو نەبووە و سەرکەوتوش نابێت، چونکە زیان بە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە و فێرخوازان دەگەیەنێت و ھیچ کاتێک و بەھیچ شێوەیەک و لە ھیچ شوێنێک خوێندنی ئۆنڵاین نەبووە و نابێتە بەدیلی خوێندنی ناو پۆل و قوتابخانە .


٣ ــ ھۆکاری یەکەمی بە ئۆنڵاین کردنی خوێندن خۆدزینەوەی دەسەڵاتدارانە لە ماف و داواکارییەکانی مامۆستایانە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتداران دوای جێبەجێکردنی داوا رەواکانی موچەخۆران، وەکو زۆرێک لە وڵاتانی جیھان بە گرتنەبەری میکانیزمی گونجاو و رێکاری تەندروستی،  لەبیری کردنەوەی دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاکاندابن.


٤ ــ بەتوندی ئیدانەی گرتن و راوەدونان و دەستگیرکردنی مامۆستایان و چالاکوانان دەکەن لە شارەکانی ھەولێر و دھۆک و رانیە و زاخۆ، ھاوکات داواکارن بە زووترین کات دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن و پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە مامۆستایان و چالاکوانان کۆتایی پێ بھێنرێت.


ئەوەش ھاتووە، "لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین لە ئەگەری پشتگوخستنی داوا رەواکانمان ڕۆژی ٢٧/٩/٢٠٢٠ وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، دەکەین بە سەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و دەستپێکردنی خەباتێکی مەدەنی درێژخایەن و ھەموو جۆرە میکانیزمێکی شارستانی بۆ گێرانەوەی شکۆ بۆ تاک و کۆمەڵگە و پەروەردە و مافە رەواکانمانی مامۆستایان و موچەخۆران لەبەردەمماندا کراوەیە."


دەشڵێن، "راشیدەگەیەنین ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بێتە پێش دەسەڵاتدارانی ھەرێم لێی بەرپرسن."

PM:04:30:21/09/2020