نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڵێنی هەرێمێکی فیدڕاڵی بە كوردانی ڕۆژئاوا دەدات

 جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش سەردانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و بەڵێنی بە پارتە كوردییەكان دا ببنە خاوەن هەرێمێكی فیدڕاڵی لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٠ جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا سەردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد لە بنكەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكە لەگەڵ مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ژمارەیەك لە سەركردەی پارتە كوردییەكان كۆبوەوە.

 

هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جێفری  لە تەواوی کۆبوونەوەکاندا پێزانینی واشنتۆنی دەربڕی بۆ ئەو قوربانییە زۆرەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا داویەتی، بەتایبەتی ئەوانەی لە شەڕی دژی داعشدا ژیانی خۆیان بەختکرد بۆ ئەوەی تێکشکاندنی سەر زەوی داعش بەدەستبهێندرێت، هەردوو ڕژێمی سوریا و ڕوسیای تۆمەتباركردووە بە شكستپێهێنان بە پڕۆسەی سیاسی و بەردەوامیدان بە هەوڵەكان بۆ چارەسەری سەربازی. 

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ ڕێككەوتنی سیاسی نێوان پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) و ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد (ئەنەكەسە) دەربارەی دامەزراندنی (مەرجەعیەتی باڵای كورد) نیشانداوە.



AM:12:15:22/09/2020