" لێبڕینی مووچە بە گوێرەی پارەی بەردەست دەبێت "

بڕیارە هەفتەی داهاتوو حکومەتی هەرێم لیستی نوێی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران رابگەیێنێت، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی داراییش زانیاری له‌ باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی لێبڕینه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات.

 

جووتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لێبڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ئەو پارەیە دەبێت کە لەبەردەستی حکومەتدایە، رەنگە لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە زیاد و کەمی هەبێت، هیوامان بەوە هەیە کە بەرەو باشتر بڕوات و حکومەتیش چیدی ناچار نەبێت پەنا بۆ لێبڕینی مووچە ببات".

 

هاوکات لای خۆشیەوە هێڤیدار ئەحمەد، جێگری‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی‌ دارایی‌ و كاروباری‌ ئابووری‌ لە پەرلەمانی کوردستان وتی" هەفتەی داهاتوو حکومەت لیستی نوێی مووچە رادەگەیه‌نێت، حکومەت داهاتی ئامادەکردووە و ئەوەی عیراقیش دێت".

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی شوباتی بە لێبڕینی ٢١% دابەشكرد، لە ١٨ی ئاب وەزارەتی دارایی مووچەی مانگی سێی بەهەمان شێوە دابەشكرد، بڕیارە مووچەی چەند مانگی داهاتووش هەر بەمشێوەیە بێت، سه‌ره‌ڕای ناردنی ٣٢٠ ملیار دیناری مانگانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوەندەوە. 



PM:08:15:23/09/2020